سەیادی: سبەی ناهێڵین ئەوانەی دەنگیان بۆ ریفراندۆم داوە بێنە ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە
بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆببێتەوە و هەر لە ئێستاوە ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوتلە نەیارەكانی سەربەخۆیی كوردستان لە هەوڵی ئەوەدان رێگری لە چوونە ژوورەوەی ئەو پەرلەمانتارانە بكەن كە دەنگیان بە سەربەخۆیی كوردستان داوە.
لەو بارەیەوە كازم سەیادی، نوێنەری هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعەكان رایگەیاند، شەریفەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران تەنیا ئەوانەن كە رازی نیین پەرلەمانتارە كوردەكان بگەڕێنەوە ئەنجوومەنی نوێنەران.
لە لایەكی دیكەوە تاڵب كەنانی، بەڕێوبەری راگەیاندنی سەیادی گوتی: ژمارەیەك لە كوتلەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران خیانەتیان لە ئاڵای عێراق كردووە و هەوڵ دەدەن هاوپەیمانی لەگەڵ كوردەكان ببەستن و تەنیا ئەوانە شەریفن كە ناچنە ژێر باری رێككەوتن لەگەڵ كوردەكان.
سەیادی گوتیشی: رێگە نادەین ئەوانەی جیاخوازن بێنە ئەنجوومەنی نوێنەران تا ئەو كاتەی ئەنجوومەن بە دەنگدان ئەو پرسە یەكلا دەكاتەوە و پەنا دەبرێتە بەر دادگای ئیتیحادی بۆ یەكلاكردنەوەی و ئەگەر دادگا هەر بڕیارێكی دەركرد، ئێمە رێزی دەگرین.
سەیادی پێنجشەممەی رابردوو، رایگەیاندبوو، ئەگەر هەندێك پەرلەمانتار نەچووبانە دەرەوەی هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوا سزادانی جیاخوازەكان دەبووە بڕیار.
هەروەها گوتی: ژمارەیەك پەرلەمانتار دەنگیان نەدا و هەندێكیشیان چوونە دەرەوە، ئەوە بووە هۆی ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران شكستبهێنێت و نەتوانێت سزای ئەوانە بدات كە بانگەشەی جیاخوازیان دەكرد.