مەسرور بارزانی: هەرێمی كوردستان پێداگرە لەسەر بەشداریی لە هاوپەیمانیی جەنگی دژی تیرۆر

دوای دەستبەكار بوونی بالیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق ئەمڕۆ مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەمیانەی پێشوازیكردنی لە باڵیۆزی نوێی بەڕیتانیا لەعێراق ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان پێداگرە لەسەر بەشداریی لە هاوپەیمانیی جەنگی دژی تیرۆر.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە كە ئەمڕۆ مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە جۆناتان ویلكس باڵیۆزی نوێی بەریتانی لە عێراق و شاندی یاوەری كرد.
لە میانەی ئەم دیدارەدا چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی هەرێم و بەریتانیا تاوتوێ كران و باڵیۆزی بەریتانی جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەیان پاڵپشتی لە مافە دەستوریەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و هاوكار دەبن بۆ ئەوەی هەرێم ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت و هەرچی زووتر پێشكەوتنی ئابوووری و دارایی و ئاوەدانی بە خۆیەوە ببینێتەوە.

باڵیۆزی بەریتانی لە ئاماژە بە دوا ڕەوشی پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هەڵوێستی وڵاتەكەی بۆ پاڵپشتی دانوستانێكی ئاشتیانە لە سەر بنەمای دەستور بۆ چارەسەریی گشت كێشەكانی نێوان هەردوولا دووپات كردەوە.

لە بەرامبەردا راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێێ بەریتانیا خواست و جەختی لە بەردەوامی و بەهێزتركردنی پەیوەندی دوولایەنە كردەوە. لە بارەی دوا رەوشی دەڤەرەكە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم پێگیریی هەرێمی بە بەشداری لە هاوپەیمانیی جەنگی دژی تیرۆر دووپات كردەوە و ئاواتی خواست بە چارەسەریی بنەڕەتیی كێشەكان و ڕواندنەوەی گرژیەكان بتوانرێت زەمینەی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی لە دەڤەرەكە لەناو ببردرێت.
راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش پاڵپشتیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بۆ دەستپێكردنی دیالۆگێكی ئاشتیانەی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا لە پێناو چارەسەریی كێشەكان بە گرنگ زانیی و ئاواتی خواست هەرچی زووتر بەغدا بە ڕێز گرتن لە دەستور وەڵامی ئەرێنیی بۆ هەوڵەكانی هەرێم لە پێناو دەستپێكردنی گفتوگۆ هەبێت

Back to top button