فوئاد مەعسوم گەشبینە

دوای ئالۆزبوونی دۆخی سیاسیی و سەربازی نێوان هەولێرو بەغدا, تا ئێستا زەمینە سازی بۆ گفتوگۆ نەكراوە, بەڵام فوئاد مەعسوم سەركۆماری عێراق رایگەیاند بە داهاتووی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر گەشبینە و پێیوایە هەردوولا سوورن لەسەر چارەسەری و كۆتاییهێنان بە كێشەكانیان.

 

مەعسوم ئەمڕۆ یەكشەممە لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (كۆنا)ی كوێتی، لەبارەی تەنگژەی نێوان بەغدا و هەولێرەوە رایگەیاند “هەردوولا ڕێكەوتوون لە ڕێگەی دەستوورەوە كێشەكانیان چارەسەر بكەن، لە كاتێكیشدا دادگای فیدراڵی رایگەیاندووە كە ریفراندۆم دەستووری نەبووە و بەڵكو پێچەوانەی دەستوور بووە، كەواتە بابەتەكەی بڕاندەوە”.

 

سەركۆماری عێراق گوتیشی ئێستە هەردوولا بە هێواشی خەریكی وتوێژن، بۆ چارەسەری تەواوی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانیان، كە ژمارەیان زۆرە.

 

هەروەها گوتی یەكێك لە كێشە سەرەكیەكان، بابەتی دەروازە سنووریەكانە، هەردوولاش سوورن لەسەر كۆتاییهێنان بەم كێشانە. لەم ڕووەشەوە مەعسوم گەشبینی خۆی راگەیاندووە.

 

لەبارەی نەچوونی شاندی هەرێمی كوردستانیشەوە بۆ بەغدا، ئاماژەی بەوەدا كە هەردوو حەز بە ناردنی شاندی باڵا بۆ بەغدا ناكەن، بەڵكو دەیانەوێ بە هەنگاوی لەسەرخۆ و كرداریانە بگەنە ڕێگەچارە، لەمبارەیەشەوە ئێستە تیمی پیشەیی و هونەری نێوان هەردوولا خەریكی پێكەوە كاركردنن.

Back to top button