هومام حەمودی بۆ حەشدی شەعبی: خۆتان رێك بخەنەوە بۆ جیهادی گەورە دژی نەیارانی یەكپارچەیی عێراق
هومام حەمودی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق دەڵێت، لەگەڵ كۆتاییهاتنی شەڕی داعش، ئەركی حەشدی شەعبی تەواو نابێت، بەڵكو ئەوەی لەگەڵ داعش كرا جیهادی بچووك بوو، ئەوەی ماوە جیهادی گەورەیە. هەورەها داوای لە گروپەكانی سەر بە حەشدی شەعبی كرد، خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەوانە ئامادە بكەن، كە داوای سەربەخۆیی دەكەن، چونكە وەك خۆی ئاماژەی پێكرد، جیهادی گەورە لەگەڵ ئەواندا دەبێت، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو خواستەی كە گەلی كورد بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق هەیە.
ئەم قسانەی حەمودی لەمیانەی بەشداریكردنی لە رێوڕەسمی دەرچوونی چەكدارانی خولێكی دیكەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبیدا هاتووە، كە لە بارەگای سەرایا عاشوورا گوتی، پێویستە سەرجەم گروپەكانی حەشدی شەعبی خۆیان بۆ جەنگی گەورە لەگەڵ ئەوانەدا ئامادە بكەن، كە عێراقێكی یەكپارچەیان ناوێت، چونكە پلانەكان بۆ دابەشبوونی عێراق بەردەوامن و هاوپەیمانێكی نێودەوڵەتیش بۆ ئەو مەبەستە پێكهاتووە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، داعش لەڕووی سەربازیەوە تەواو بووە، بەڵام ئەمجارە دەیانەوێ ئەمنی ناو شارەكان بكەنە ئامانج، بۆیە ئەركێكی دیكەی حەشدی شەعبی لەداهاتوودا پاراستنی ناوچە رزگاركراوەكان و رووبەڕوو بوونەوەی ئەوانەیە كە عێراقێكی یەكپارچەیان ناوێت و داوای جیابوونەوە لە عێراق دەكەن.
حەمودی گوتیشی، عێراق چۆن توانی بەسەر داعش و پلانی دابەشبووندا زاڵ بێت، بەهەمان شێوە لەم جەنگەشدا سەردەكەوین. ئاماژەی بەوەشكرد، سەرجەم ئەو پیلانە نێودەوڵەتیانەش شكستیان هێنا، كە عێراق، سووریا، یەمەن و لوبنانیان كردە ئامانج. كە پێدەچێت ئەم گوتانەی حەمودی پێداهەڵدانێك بێت بۆ ئەو دەستوەردانانەی ئێران و حزبوڵڵا لە ناوچەكەدا كە لە دژی دەسەڵاتی سوننیەكان دەیكەن و، رەتكردنەوەی هەڵوێستی سعودیە و هاوپەیمانەكانی بێت لە ناوچەكە.
لەدرێژەی لێدوانەكەیدا حەمودی جەختی كردەوە “ئێستا ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق لە هەوڵی بەهێزكردنی هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعە و پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراقدایە، كەئەمەش بە هەوڵەكانی حەشدی شەعبی دەكرێت”.
لە كۆتایی گوتارەكەشیدا حەمودی بارەگایەكی دیكەی ئیداری بۆ سەرایا عاشوورا كردەوە.
ئەمە لێدوانەی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لەكاتێكدایە، بەر لە چەند رۆژێك بەشێك لە گروپەكانی سەر بە حەشدی شەعبی لەلایەن كۆنگرێسی ئەمەریكاوە خرانە لیستی تیرۆرەوە، بەتایبەتی بزووتنەوەی نوجەبا، كە لەلایەن ئەكرەم ئەلكەعبیەوە سەركردایەتی دەكرێت و، كۆنگرێس تەنیا ماوەی 90 رۆژی بۆ قەدەغەكردنی ئەو گروپە دیاریكرد.