سەعد حەدیسی: بەغدا و هەولێر سەرقاڵی تاوتوێكردنی دۆسیەی نەوتن

سەعد حەدیسی، وتەبێژی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، حكومەتی ئیتیحادی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ حكومەتی هەرێم بە تایبەتی لە بارەی دۆسیەی نەوتەوە.

ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد، تیمێكی تایبەتمەند خەریكی تاوتوێكردنی ئەو بوارەن.

حەدیسی لە لێدوانیدا بۆ سایتی غەد پرێس ئەوەشی گوت: لە ماوەی رابردوودا وتوێژەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان تەكنیكی و مەیدانی بوون. تایبەت بوون بە ئۆپراسیۆنە ئەمنییەكان و لە ئێستادا راگیراون.

ئەوەشی ئاشكرا كرد، لە ئێستادا دانووستانەكان لە بواری نەوتدا دەكرێن و تیمێكی شارەزا سەرقاڵی بەدواداچوونن.

سەعد حەدیسی روونیشیكردەوە، پێشكەوتنی رێڕەوی رێكارە مەیدانییەكان لە بارەی گفتوگۆی تەكنیكی و ئەمنییەوە سەردەكێشن بۆ كردنەوەی دەروازەی گفتوگۆیەكی سیاسی فراوان لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

Back to top button