لە سلێمانی دەستـڕێژی گولە لەماڵی پارێزەرێک دەکرێت
لە سلێمانی تەقە لە ماڵی پارێزەرێك دەكرێت، پارێزەرەكەش دەڵێت پێدەچێت رووداوەکە پەیوەندی بەوەوە هەبێت كە لە رابردوودا كاری لەسەر ئاشكراكردنی چەندین دۆسیەی گەندەڵی كردووە.
عومەر حەمەعەلی تۆفیق كە لەشاری سلێمانی كاری پارێزەرایەتی دەكات راگەیاندوه: كاتژمێر 12.50خولەكی بەرەبەیانی رۆژی 20-11-2017 لە گەڕەكی بەختیاری تەقە لە ماڵەکەی كراوە.
ناوبراو وتیشی: “دوای ئاگاداركردنەوەیان لایەنە ئەمنییەكان 28 قەوانی فیشەكیان لەبەردەم ماڵەكەم دۆزینەوە، خۆشبەختانە رووداوەکە زیانی گیانی لێنەكەوتەوە”.
پارێزهرهكه باسی ئەوەشی کردوه کە لە رابردوودا كاری لەسەر ئاشكراكردنی چەندین دۆسیەی گەندەڵی كردووە و وتی: “پێدەچێت هۆكاری تەقەكردنەكە پەیوەندی بەوەوە هەبێت كە وەك پارێزەرێك كارم لەسەر چەندین دۆسیەی گەندەڵی كردووە، پێشتریش لایەنە ئەمنییەكانم ئاگاداركردووەتەوە لەوەی هەڕەشەم لەسرە، بەڵام هیچ رێوشوێنێكیان نەگرتووەتەبەر، تەنانەت لەماوەی رابردوودا كە لە ئەوروپا بووم نامەی هەڕەشەم پێگەیشت كە نەیەمەوە، بەڵام گوێم بەوە نەدا و گەڕامەوە”.
سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی راگەیاندوه: پارێزەرەکە سكاڵای تۆماركردووە و پۆلیسیش دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە.