نەجمەدین كەریم چی كردووە…؟
یاد سرێشمەیی
(نەجمەدین كەریم) لەبەر ئەوەی ئاڵای كوردستانی لە كەركووك و قەڵای ئەو شارە هەڵكرد (خیانەتكارە)، كەچی ئەوانەی ئاڵای كوردستانیان داگرتوو خستیانە ژێر نەعلەكانی حەشد (پالەوانن).
(نەجمەدین كەریم) لەبەر ئەوەی زەمینەسازی ریفراندۆمی لەكەركووك كردو ئەنجامی دا، كە بۆ ئەبەد كوردستانی بووی ئەوێی سەڵماند (خیانەتكارە)، كەچی ئەوانەی كەركووكیان فرۆشت و كوردانی شارەكەیان مالوێرانكرد ( پالەوانن).
(نەجمەدین كەریم) لەبەر ئەوەی داهاتی خۆجێی و پەتڕۆ دۆڵاری شارەكەی خستە خزمەت پڕۆژەو پارك و گەڕانەوەی ئارامی ژیان بۆ شارەكە(دزە)، كەچی ئەوانەی كەركووكیان هەراجكرد بەرامبەر رۆژانە یەك ملیۆن دۆڵار بۆ گیرفانی تاقمێكی مافیا (دەستپاكن).
نەجمەدین كەریم لەبەر ئەوەی هاو هەلوێستی هەلوێستە نیشتیمانیەكانی پارتی بوو بۆ چارەنوسی كەركووك (خۆفرۆش)بوو، كەچی دەست تێكەلكردن لەگەڵ نەیاری سەتساڵەی كوردو ، دەستگرتنیان بۆ هاتنە نێو كەركووك (شۆڕشگێڕیە).
(نەجمەدین كەریم) لەبەر ئەوەی خزمەتی كوردی كرد لە سلێمانی خانی و ماڵی دەستی بەسەر داگیرا، (خەز عەلی) لەبەر ئەوەی ٥۱ پێشمەرگەی شەهیدكرد لە سلێمانی رێزی لێگیرا.
ئەم ئەقلیەتە دژە ناسیۆنالیستەی كورد كە ئێستا خەریكە بەبەرنامەرێژی كاری بۆ دەكرێت لە سلێمانی، لەسەرەتادا بە بێدەنگ كردن بۆ هەندێكیشیان دەم چەوركردنی نوخبە رۆشنبیرەكەی دەستی پێكرد، مەترسیەكانی لە خیانەتی ۱٦ـی ئۆكتۆبەر گەورەترە، ئێ لەوێ هەستی نەتەوەی فرۆشراوە مامەلەی كڕین و فرۆشتنی پێدەكرێت، لەگەرمی بازاڕی هەڕاجی هەستی نەتەوەی ئافەرین بۆ ئەوەی خۆی نافرۆشێت و بەچاویلكەی حزبی ناڕووانێتە ڕووداوەكان بەتایبەت خیانەكەی ۱٦ـی ئۆكتۆبەر.