بزانه حكومهتی ههرێمی كوردستان چ داوایهك ئاراستهی كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی دهكات

حكومهتی ههرێمی كوردستان له راگهیاندراوێكدا، داوایی له كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی دهكات،نێوهندگیری بکات بۆ لابردنی ئەو ئابلوقانەی لەلایەن بەغداوە لەسەر هەرێمی کوردستان سەپێنراون.
دهقى راگهيهندراوهكه….
حکوومەتی هەرێم داوا له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات نێوهندگیری بکات بۆ لابردنی ئەو ئابلوقانەی لەلایەن بەغداوە لەسەر هەرێمی کوردستان سەپێنراون.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا له کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی دەکات بۆ دەستبەجێ بەگەڕخستنی هەوڵهکانیان بهمهبهستی ههڵوهشاندنهوهی ئەو سزا بەکۆمەڵەی که حکوومەتی عیراق سەپاندوویەتی بەسەر گەل و حکومهتی هەرێمی کوردستان.
ئەو سیاسەتە سزائامێزە کە لەلایەن بەغداوه له دژی هەولێر پەیڕەو دەکرێت، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا و ڕێسا نێوەدەوڵەتییەکانە، له کاتێکدا که ئەرکی سەرەکیی حکوومەتی عیراق بریتییە لە پاراستنی هاوڵاتیانی عیراق به ئاورەکانیشەوە و هەرەوەها پێویسته حکوومەتی عیراق مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی تاك و کۆمەڵگه بپارێزێت.
کەمکردنەوەی بودجەی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2018 بە بێ ڕاوێژکردن لهگهڵ حکوومەتی هەرێمی کورستان، داخستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان و سنووردارکردنی گەشتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەشێکن لەو سزادانه بەکۆمەڵانهی که دژ بە هاوڵاتیان ڕاگهیهنراون.
ئەو سزادانانه بوونەتە هۆی ڕێگریکردن لە ههوڵهکانی یارمەتیی مرۆیی و پێداویستیی رۆژانە بۆ زیاتر لە یهك ملیۆن و پێنجسهد ههزار ئاوارە کە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە. بە هاتنی وەرزی زستان، زۆرێک لەو ئاوارانە که بهشێکیان لە خوشك و برا یەزیدیەکان و کریستیانەکان و ئاوارەکانی ئەم دوایەی کەرکوک و تووزخورماتوو و شوێنەکانی تر پێکدێن، بەبێ پێداویستی و یارمەتیی سەرەکی دەمێننەوە کە لەلایەن رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکوومییەکان و نێودەوڵەتیەکانهوه پێشکەشیان دەکرا.
فڕۆکەخانەکانی ههولێر و سلێمانی زۆر گرنگن بۆ دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکان بۆ ئاوارەکان و دەستەبەرکردنی پێویستییه سەرەتایی و سەرەکییەکان بۆ هاووڵاتیان بە گشتی، لەمانە خزمەتی تەندروستی بۆ هاووڵاتییان و قوربانیان و برینداران لە شەری دژ بە داعش. سنووردارکردنی مافی گەشت دەبێتەی هۆی زیانگەیاندن بە بواری ئاشتی و سەقامگیری و پێشکەوتن.
نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و رێکخراوە ناحکوومییەکان و ئەندامانی تری کۆمەڵگهی نێوەدەوڵەتی، بەشێکی سەرەکین لە پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزارییە مرۆییەکان بۆ ئەو ئاوارانەی کە پهنایان هێناوهته بهر حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
توانای گەشتکردن بە خێرایی و گواستنەوەی ئامراز و کەلووپەل بەزووترین کات و بەکەمترین خەرجی، زۆر گرنگە بۆ پێشکەشکردنی ئەو خزمەتانەی که ئاوارەکان پێویستیان پێیهتی. بەم دواییە، سزا سەپێنراوەکان لەلایەن حکوومەتی عیراقی بۆ گەشتی فرۆکەوانی بوەتە هۆی ڕێگری لە گەیاندنی یارمەتییە نێودەوڵەتیەکان بۆ زیانلێکەوتوانی ئەو بوومەلەرزەی کە بە پلەی ٧.٣ هەرێمی کوردستانی هەژاند.
ئابلوقەی ئاسمانی له دژی گەشته ئاسمانییهکان کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی ههبووه لەسەر بەرژەوەندییەکانی پیشەگەرانی بیانی لە هەرێمی کوردستان و لەسەر توانای بەردەوامبوونی سەرمایەگوزاری ڕاستەوخۆی نێودەوڵەتی، کە ببونە هۆکاری دروستکردنی هەزاران هەڵی کار بە تایبەتی بۆ چینی گەنجان و خانەوادەكانیان.
بەبێ گەشتی فرۆکەوانیی نێودەوڵەتی، کە زۆر گرنگە بۆ گەشەی ئابووری و بازرگانی، پێشبینی دەکرێت ئەگەری سەرهەڵدانی کۆچی هاوڵاتیان دەستپێبکاتهوه.
بۆیە ئێمە داوا له کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی دەکەین دەسەڵاتدارانی حکوومەتی عیراق هان بدات بۆ ئەوەی بەبێ مەرج ئەو ئابلوقەیە هەڵگرێت که له دژی ههرێمی کوردستان ڕاگهیهنراون، له نێویشیاندا ههڵوهشاندنهوهی گهمارۆی سهر هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەربیل و سلێمانی. هەوڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە گرنگ دەزانین لە نێوەندگیریکردن بۆ ههڵوهشاندنهوهی ئابلوقەی ئاسمانی و سزا بەکۆمەڵەکانی تری سەپێنراو بەسەر هەرێمی کوردستاندا بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان بەدووربگرین لەو کاردانهوه نەرێنیانە لەسەر خزمەتگوزاریی مرۆیی، بواری تەندروستی، پەروەردە و خوێندن، ئاسایشی خۆراك، ئاسایشی هاووڵاتیان، بوارەکانی کار و داهات لە هەرێمی کوردستان.
حكوومهتی ههرێمی كوردستان
20/11/2017