لەژێر فشاری ئێران, عێراق بەشداری كۆبوونەوەی نائاسایی كۆمكاری عەرەبی نەكرد
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ناڕەزایی خۆی لەبارەی بڕیاری كۆمكاری عەرەبی بەرامبەر بە ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی نیشاندا، كە لەو بڕیارەدا كۆمكاری عەرەبی ئێران و حزبوڵڵای بە هاوكاریكردنی تیرۆر تۆمەتبار كردبوو.
لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە، شاندێكی وەزاەرتەكەیان كە بەشداری كۆبوونەوەی نائاسایی كۆمكاری عەرەبی كردووە، تێبینی لەسەر هەردوو بڕگەی (8،9)ی بڕیارنامەكەی كۆمكاری عەرەبی هەبووە، كە تایبەتبوون بە دەستێوەردانەكانی ئێران لەكاروباری ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی.
هەروەها ئاماژەی بەوەشكردووە “ئەو دوو بڕگەیە تۆمەتباركردنێكی راستەوخۆی كۆماری ئیسلامی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانیە بە هاوكاریكردنی تیرۆر” ئەمەش مایەی نیگەرانی ئەوانە، هەروەها دەڵێت “ئەو بڕیارەی كۆمكاری عەرەبی لەگەڵ دیدگای عێراق بۆ پێناسەكردنی تیرۆر و دژبەرانی تیرۆر یەكناگرێتەوە”.
وەزارەتی درەوەی عێراق جەختیشی كردۆتەوە “ئەو جۆرە بڕیارانە دژیەكیەكی گەورە لە هەڵوێستی سیاسی نێوان هەندێ لایەن بەرامبەر بە یەكتر درووست دەكات، جگە لەوەی كە هەڵوێستی جیاواز لەبارەی تیرۆر نیشان دەدات و رووی راستەقینەی ئەو لایەنانە دادەپۆشێت كە هاوكاری تیرۆر دەكەن بە هەندێ لایەنی یاساییش بەناشەرعی نیشان دەدەن”.
لەلایەكی دیكەوە، هەر سەبارەت بە بڕیارەكەی كۆمكاری عەرەبی تایبەت بە حزبوڵڵای لونانی، میشال عۆن سەرۆكی لوبنان نامەیەكی ئاراستەی ئەحمەد ئەبولغێت ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی كرد و تێیدا جەختی كردەوە “لوبنان بەرامبەر بەو ناكۆكیە عەرەبی و هەرێمیانە بەرپرس نییە كە لەنێوان وڵاتانی عەرەبیدا هەن، لوبنان دژایەتی هیچ لایەنێكی نەكردووە بۆئەوەی باجی ئەو ناكۆكیانە بە سیاسەت و سەقامگیری خۆی بداتەوە”، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆئەوەی هیچ كاتێك حزبوڵڵا هاوكاری تیرۆری نەكردووە و ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەوەی لوبنان لەدژی ئیسرائیل دەكات، تەنیا رێگریكردنە لە فراوانخوازیەكانی تەل ئەڤیڤ لەسەر حسابی لوبنان.