لە سلێمانی دەستـڕێژی گولـلە لەماڵی پارێزەرێك دەكرێت

لە سلێمانی تەقە لە ماڵی پارێزەرێك دەكرێت، پارێزەرەكەش دەڵێت پێدەچێت رووداوەكە پەیوەندی بەوەوە هەبێت كە لە رابردوودا كاری لەسەر ئاشكراكردنی چەندین دۆسیەی گەندەڵی كردووە.

عومەر حەمەعەلی تۆفیق كە لەشاری سلێمانی كاری پارێزەرایەتی دەكات راگەیاندوە: كاتژمێر 12.50خولەكی بەرەبەیانی رۆژی 20-11-2017 لە گەڕەكی بەختیاری تەقە لە ماڵەكەی كراوە.

ناوبراو وتیشی: “دوای ئاگاداركردنەوەیان لایەنە ئەمنییەكان 28 قەوانی فیشەكیان لەبەردەم ماڵەكەم دۆزینەوە، خۆشبەختانە رووداوەكە زیانی گیانی لێنەكەوتەوە”.

پارێزەرەكە باسی ئەوەشی كردوە كە لە رابردوودا كاری لەسەر ئاشكراكردنی چەندین دۆسیەی گەندەڵی كردووە ‌و وتی: “پێدەچێت هۆكاری تەقەكردنەكە پەیوەندی بەوەوە هەبێت كە وەك پارێزەرێك كارم لەسەر چەندین دۆسیەی گەندەڵی كردووە، پێشتریش لایەنە ئەمنییەكانم ئاگاداركردووەتەوە لەوەی هەڕەشەم لەسرە، بەڵام هیچ رێوشوێنێكیان نەگرتووەتەبەر، تەنانەت لەماوەی رابردوودا كە لە ئەوروپا بووم نامەی هەڕەشەم پێگەیشت كە نەیەمەوە، بەڵام گوێم بەوە نەدا و گەڕامەوە”.

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی راگەیاندوە: پارێزەرەكە سكاڵای تۆماركردووە ‌و پۆلیسیش دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە.

Back to top button