مەلا بەختیار : دوای مام جەلال باوەڕم بە پلەی سكرتێری نەماوە
“مەلا بەختیار ” لەسەر كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی و جێگرەوەی ( جەلال تاڵەبانی ) دەڵێت ” دوای مام نەك باوەڕم بە پلەی سكرتێری نەماوە ، بەڵكو دەمێكیشە وتوومە : پەیكەری یەكێتی بگۆڕدرێ ، تەنانەت كەسایەتی یەكەمیش لەناو ئەو پەیكەرەدا نابێ بمێنێ ، وردەكارییەكەی لە كۆنگرە ساغبكرێتەوە كەوابێ : بەرەو كۆنگرەی دوور لە پیلانگێڕی !”.
“مەلا بەختیار ” ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فیسبووك لە هەژماری تایبەتی خۆی بە ناونیشانی ( وەڵام ناهێنێ ، ڕونكردنەوە دەهێنێ !) ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە نوسیویەتی ” كەسێك لە پەیجێكدا توانجی گرتووەتە بەندە ، ڕونكردنەوە دەهێنێ تایبەت كە دەڵێ : مەلا بەختیار بە زۆر ڕیفراندۆمی بە كاك كۆسرەت كردووە دەلێم : ئەم قسەیە بۆ پێگەی ئەو بەڕێزە نەشیاوە ، هەموو سەركردایەتی یەكێتی دەزانن كاك كۆسرەت بڕیاری ئاشكرا بوو لەسەر ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ، بەڵكو من هەمیشە تێبینیم هەبووە تایبەت لەسەر كەركوك “.
لەبەشێكی تری پۆستەكەیدا ” مەلابەختیار ” نوسیوشیەتی ” نامەوێ ، ناشمەوێ بكەومە ناوهیچ ململانێی ناوخۆی یەكێتی ، سیاسەت بە ڕەش و سپی نابینم ، لایەنگری ئەوەش نیم بەهەڕەشە و هێرش كێشەكانی ناوخۆمان چارەسەر بكرێ ، ساڵانی رابردووش دژی بووم ، بەڵام ئاشكرا هەوڵ بدرێ شكۆی یەكێـتی و مام جلال و مێژووەكەی لە رووی سیاسییەوە بشكێندرێ ..بەرگری بكەم “.
لە كۆتایی نوسینەكەیدا مەلابەخیتار دەلێت ” بیریشی دەخەمەوە دوای گرتنی شەهید شەهاب و هاوڕێكانی دوای شەهید بوونی ئارام ، دوو جار ڕێگە تەخت بوو ببم كەسی یەكەم ، نەمكردووە ، دوای جیابونەوەی گۆڕانیش ، لە كۆنگرەكاندا دەرچوونم بە تەسكییە قبوڵ نەكردووە و هەڵپەشم نەبووە ببمە جێگرێك ، كە مام یش نەخۆش كەوت و 19 رۆژ لە عەممان بوو پێم شەرم بوو باسی جێگرەوەی دەكرێ ، ئێستاش دەلێم : دوای مام نەك باوەڕم بە پلەی سكرتێری نەماوە ، بەڵكو دەمێكیشە وتوومە : پەیكەری یەكێتی بگۆڕدرێ ، تەنانەت كەسایەتی یەكەمیش لەناو ئەو پەیكەرەدا نابێ بمێنێ ، وردەكارییەكەی لە كۆنگرە ساغبكرێتەوە كەوابێ : بەرەو كۆنگرەی دوور لە پیلانگێڕی !”.