لە پەرلەمانی كوردستانەوە كار لەسەر یاسای كرێنشینان دەكرێت
كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان پێی باش نییە لە كوردستان كار بە یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٠٨ بكرێ و پێشنیازی كاركردن بە یاسای ژمارە ٧٩ی ساڵی ١٩٧٩ دەكات. هۆیەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە یاسا كوردستانییەكە لە بەرژەوەندیی “خاوەن مڵك”ـدایە، بەڵام یاسا عێراقییەكە لە بەرژەوەندیی “كرێچی”ـ دایە.
ئەو كۆمەڵەیە چەند نوێنەرێكی خۆی بۆ لیژنەی پێوەندیدار لە پەرلەمانی كوردستان ناردووە بۆ ئەوەی تێبینییەكانیان لە كاتی هەمواركردنەوەی یاسای بەكرێدانی خانوو لەبەرچاو بگیرێت.
كۆمەڵەكە تەنیا لە هەولێر و دەورووبەری نزیكەی ٢٣ هەزار ئەندامی هەیە و ئاشكرای دەكەن كە لە هەموو كوردستان و بەپێی ئاماری بەردەستیان، نزیكەی ٩٠ هەزار كرێچی هەیە.
پەرلەمانی كوردستان بەنیازە یاسای بەكرێدانی خانوو لە هەرێمی كوردستان هەموار بكاتەوە. كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان رەخنە لە یاساكە و چۆنیەتیی هەمواركردنەوەی دەگرن، هاوكات هەواڵێكی “خۆش”ـیان پێیە و ئاشكرای دەكەن، رووپێوی ٢٥ هەزار پارچە زەوی تەواو بووە.
بڕیارە سەرۆكی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەی سبەی سێشەممە٢١ی11ی2017، هەمواركردنەوەی یاسای بەكرێدانی خانوو لە كوردستان تاووتوێ بكات. پێشتر پەرلەمانی كوردستان بە بڕیارێك جێبەجێكردنی یاساكەیان هەڵپەسارد.
“بەهار مەحمود” جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند ” دەیانەوێ چەند بڕگەیەكی یاساكە هەموار بكەنەوە ئەو بڕیارە هەڵدەوەشێنینەوە كە بە هۆیەوە جێبەجیكردنی یاساكەمان هەڵپەساردبوو. هەروەها دەمانەوێ بە زیادكردنی چەند بڕگەیەك، هاوسەنگی لە نێوان كرێچی و خاوەن مڵك رابگرین”.