پارتی: دەنگ بە رزگار عەلی نادەین

دوای ئەوەی كەركووك بە هاوكاری گروپی خیانەتكاری یەكێتی لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران داگیركرا, پارێزگاری شەرعی كەركووك لەسەر كارلادرا ئێستا لە لایەن عەربەێك بە شێوەی كاتی بە رێوە دەچێت, وا بڕیارە ئەم پۆستە لە لایەن یەكێتی پڕبكرێتەوە, پارتیش دەڵێ دەنگ بە كاندیدی یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركووك نادەن.

محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی پارتی لە كەركووك رایگەیاندووە “ئێمە گفتوگۆمان لە بارەی گۆڕینی پارێزگار نەكردووە، چونكە ئەنجوومەنی پارێزگا، بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراقی رەتكردەوە كە باس لە لابردنی نەجمەدین كەریم دەكات”.

هەروەها محەممەد خورشد، بەرپرسی لقی سێی پارتی، وەڵامی پاڵێوراوی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك دەداتەوە و دەڵێ‌: “كاك رزگار ئەزموونێكی چاكی لەگەڵ پارتی لە كەركووك هەیە كاتێك لە ساڵی 2003 ویستی وەكو پارێزگار مامەڵە بكات، پارتی قبوڵی نەكرد و كەسێكی دیكە بووە پارێزگار، ئەگەر ئەو پرسە پەیوەندی بە پارتییەوە نییە چۆن لە 2/11/2017 مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە نووسراوی فەرمی داوای لە مەكتەبی سیاسی پارتی كردووە پشتیوانیی رزگار عەلی بكەن؟”.

محەممەد خورشید گوتیشی: “ئێمە كێشەمان لەگەڵ بارودۆخی ئێستای كەركووك هەیە، باڵێك لەنێو حیزبێك بەشدارە لەو خیانەت و بارە كارەساتبارەی بەسەر كورد هاتووە، كاك رزگار عەلیش لەو باڵەیە بۆیە ئەو رایەمان لەسەری هەیە، وەكو پارتی دەنگ بە هیچ پارێزگارێك نادەین كە نەتوانێت بارودۆخەكە ئاسایی بكاتەوە، ئێمە پارێزگارێك دیاری ناكەین شەرعییەت بە بڕیارەكانی بەغدا بدات”.

 

Back to top button