رۆژنامەكەی مەلابەختیار : شەرمەزاریەكی گەورەی یەكێتی ئاشكرا دەكات
رۆژنامەی چاودێر كە مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، خاوەنی ئیمتیاز و سەرنووسەرییەتی وەك خۆی نووسیویەتی “شەرمەزارییەكی گەورە”ی ناو یەكێتی ئاشكرا كردووە و رایگەیاندووە، “ماڵی دكتۆر نەجمەدین كەریم دەستی بەسەردا گیراوە و دوو قاسەی تێدا بووە و هەردووكی شكێنراوون و كەلوپەلەكانی براون”.
لە ژمارە 634ی ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەری 2017 رۆژنامەی چاودێر كە خاوەنی ئیمتیاز و سەرنووسەری مەلا بەختیارە، بڵاویكردووەتەوە، لە سلێمانی ماڵی دكتۆر نەجمەدین كەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارێزگاری كەركووك دەستی بەسەردا گیراوە.
رۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەیەكی ناو سەركردایەتی یەكێتی كە ناوی نەهێناوە ئاشكرایكردووە، كە دوو قاسە لە ماڵەكەی دكتۆر نەجمەدین هەبوون و هەردوو قاسەكە شكێنراوون و كەلوپەلەكانی ناویشیان براون.
لە زاری سەرچاوەكەوە، ئەو رۆژنامەیه لە بارەی ئەو رووداوەوە نووسیویەتی: “ئەمەش شەرمەزارییەكی گەورەیە”.
لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا، رۆژنامەی چاودێر لە زاری سەرچاوەكەیەوە، باسی لەوە كردووە، كە دەبوایە دوای 16ی ئۆكتۆبەر دكتۆر نەجمەدین كەریم بچێتە سلێمانی و روو نەكاتە هەولێر.
رۆژنامەكەی مەلا بەختیار باسی كێشەكانی دیكەی ناو یەكێتی كردوە و ئەوەی ئاشكرا كردووە، كە ئەو بەیاننامەیەی لە دژی نەجمەدین كەریم بە ناوی سەركردایەتی یەكێتیەوە دەرچووە، را و هەڵوێستی سەركردایەتی یەكێتی نەبووە و تەنیا یەك ئەندامی سەركردایەتی ئەو بەیاننامەیەی نووسیوە.
لە رۆژنامەكەدا هاتووە: “ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی بەیاننامەی لەسەر قسەكانی د.نەجمەدین دەركردووە، ئەمە لە كاتێكدایە سەركردایەتی یەكێتی زیاتر لە 50 ئەندامە و چۆن دەكرێت ئەنداوێك لە بری 50 كەس بەیاننامە بە ناوی سەركردایەتی یەكێتییەوە دژی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی بڵاوبكاتەوە”.
بە گوێرەی زانیارییە میدیاییەكان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی ئاڵا تاڵەبانی بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە بەیاننامەكەی لە دژی نەجمەدین كەریم نووسیبێت.
رۆژنامەكەی مەلا بەختیار باسی لە نهێنییەكی دیكەی بەشێكی سەركردایەتی یەكێتی كردووە و نووسیویەتی: “رۆژی 18ی 11 لە كۆبوونەوەیەكی بەشێكی ئەو سەركردانەی یەكێتیدا كە هاومەرامن لەسەردەركردنی ئەو بەیاننامەیە قسەی رەق كەوتووەتە بەینیان”.
سەرچاوەكەی چاودێر رایگەیاندووە، “ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ئەو مافەی نییە بە ناوی سەركردایەتییەوە بەیاننامە دژی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی دەربكات، چونكە د.نەجمەدین كەریم هێشتا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە و وازی لەو حزبە نەهێناوە”.
سەرچاوەكە ئەوەشی وتووە: “د.بەرهەم وازی لە یەكێتی هێناوە، خۆی بە زمانی خۆی رایگەیاندووە، رێككەوتنی لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیدا كردووە، بارەگای دامەزراندووە و لیست و قەوارەی پێشكەشی كۆمیسیۆن كردووە، بەیاننامە دژی دەرناكرێت، كەچی لەسەر چاوپێكەوتن بەیاننامە لەسەر ئەندامانی تری مەكتەبی سیاسی دەردەكرێت”.
بە هۆی خیانەتی بەشێك لە بەرپرسانی یەكێتییەوە و پەلكێشانی جەیش و حەشدی شەعبی بۆ داگیركردنی كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەردا، بەشێكی ناو سەركردایەتی یەكێتی كەوتوونەتە دژایەتیكردنی ئەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان كە دژی خیانەتی رادەستكردنی كەركووك وەستاونەتەوە.