محهمهدی حاجی مهحمود: ریفراندۆم تاپۆی رهشه بۆ خهڵكی كوردستان ههڵوهشاندنهوهی به ئهمریكاش ناكرێ
محهمهد حاجی مهحمود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، لە پەیامێكدا لەبەرامبەر بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی رایدەگەیەنێت، ریفراندۆم بوو بە تاپۆیەکی رەش بۆ خەڵکی کوردستان، تەنها جەماوەری کوردستان دەتوانێت ئەنجامی ریفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە.
لە پەیامەكەی محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستاندا ھاتووە: “ریفراندۆم نە بە دادگای فیدراڵی عێراق و نە بەپشت تێکردنی وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی وەك ئەمریکاش ناتوانێ هەڵیبوەشێنێتەوە، بەڵکو ریفراندۆم بوو بە تاپۆیەکی رەش بۆ خەڵکی کوردستان تەنها جەماوەری کوردستان دەتوانێت ئەنجامی راپرسی هەڵبوەشێنێتەوە، گەر نەیار و ناحەزانی جەماوەری کوردستان بە دادگای فیدراڵی عێراقەوە، توانیبێتیان پرۆسەکە دووربخەنەوە لە جێبەجێکردنی ئەوا بەدڵنیایەوە ریفراندۆم بوو بە بەڵگە نامەیەکی مێژوویی هەرێمی کوردستان، تەنانەت حکومەتی عێراق و هیچ کەس و لایەنێك و ناحەزێک پێی خۆش بێ یا نا هەر دەچەسپێ”.
دهقی پهیامهكهی محهمهد حاجی مهحمود:-
بریاری یەکلانەی دادگای فیدرالی عێراق، پاش ئەوەی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی راپرسی بۆ هەرێمی کوردستانی خستە بەردەم دەنگی راستەقینەی خەڵکی کوردستان، تەواوی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان پشتگیریی سەرخستنی پرۆژەکەیان کردو پەرلەمانی کوردستانیش بۆ ئەو مەسەلە چارەنووس سازە کردیە بڕیارو دەنگی ئەرێنی لەسەردراوە 25/9/2017شدا کەرنەڤاڵی راپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێم سەرکەوتوانە ئەنجامدرا، ئەنجامی ریفراندۆمەکەی هەرێم کاردانەوەی خێرای بە دوایی خۆیدا هێنا و بۆ دۆست و ناحەزانی کورد بووە مایەیی سەرنج، بەتایبەت بۆ حکومەتی عێراق کەوتە پیلانی دوژمنکارانە لەسەر پرۆژەی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان و جێ بەجێ کردنی ئەجیندای سەربازی و هێرش و پەلاماردان و تەوق کردنی هەرێمی کوردستان بە گەمارۆدانی ئابوری و نەهێشتنی جوڵەی ئاسمانی بەداخستنی فرۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، بەڕووی گەشتیاران و هاووڵاتیانی هەرێم، تەنهاو تەنها لەپێناوی ئەوەی کە میللەتێ داوای یاسایی و ئاسایی خۆی کردوە و دەیەوێ لەڕێگای ریفراندۆمەوە ئاستی پەیوەندیەکانی لەگەڵ دەوڵەتی فیدرالی عێراق دا دیاری بکات ،بەبێ خوێن ڕشتن و کاولکاری ،کێشەکانی سەدساڵی ڕابردووی کوردستان لەگەڵ عێراق دا بە ڕێگایەکی تەندروست و سەردەمیانە چارەسەری ڕیشەیی بۆ بکرێ ، لەبەرامبەردا حکومەتی عێراقی نەک هەر ئامادەی ووتوێژو دانوستاندن نەبوو لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی هەرێم بەڵکو بووبە چاوساغ و دەرگای ئەو دەوڵەتەی کە خۆیان پێان وایە دەبێ دەستور جێ بەجێ بکرێ لەسەرتاسەری عێراق دا بەهەرێمی کوردستانیشه وە، بەڵام خۆیان دەستوریان پێشێلکرد و پەنایان بۆ هێزی دەرەکی برد بۆ ناو عێراقی دەستوریەوە؟ بەبێ ئەوەی دادگای فیدرالی عێراق ئەو تاوانە بکا بەدۆسیەی لێکۆڵینەوەکانی و بریاری یاسای و نیشتمانی لەسەر دەربکات، ئەبوایە دادگای فیدراڵی عێراقی بەدوای کوشتنی دەیان کەس لە کەرکوک و دوز و ئاوارەبونی خەڵکی ئەوناوچانە برۆشتایە، یاخود تەسلیم کردنی شاری موسڵی دووەم گەورەترین شاری عێراق بە هێزی تیرۆریستی وەک داعش، بە مەرجێ چەندین لیوای سەربازی و هێزی پیادەو تۆپخانەو پولیسی فیدرالی و هێزی موکافەحەی ئیرهاب لەموسڵدا بوون ،بەسانایی و بێ شەڕ ڕایان کردو و چەک و جبەخانەکانی سوپای عێراقی مەشق پێکراو بە ڕاهێنەرانی وڵاتانی تەحالفی ئەمریکی بەدیاری بدەن بەدەست هێزی چەکدارانی داعش ، دادگای فیدرالی عێراق لەسەر فرۆشتنی شارێکی مێژوویی ووڵاتەکەی بە هێزی بێگانە، نەهاتە سەر خەت و ەرانی گەورە بەرپرسی سوپا و بەرپرسی یەکەمی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەوتاوانە نیشتمانیە بداتە دادگاکەی بەناوی مەحکەمەی فیدرالیەوە؟ کاتێ خەڵکی کوردستان دەیەوێ ڕای خۆی ئازادانە بڵێ لە پرۆسەیەکدا لەبەرچاوی دنیاوە، دادگای فیدرالی عێراق بەناوی تانەدان لە پرسی ڕاپرسی هەرێم دێت ئیرادەی میللەتێک پێشێل بکات کە زیاتر لە 3 ملیۆن دەنگی داوە کۆمەڵێ بڕیاری نابەرپرسانە دەر دەکا بەبێ ئەوەی پشت ئەستوربوبێ بەبنەما دەستوریەکان لەعێراقدا و ڕاپرسی و ریفراندۆمی کوردستان بە ناشەرعی و نا دەستوری ناو دەبات .لەکاتێکدا لەدەستوری نوێی عێراقی فیدراڵدا هاتوە عێراق دوو گەلی سەرەکی تیادەژی کورو عەرەبە کە پێویستە زمانی فەرمی لەعێراقدا بەو دووزمانە بێ، واتە لەعێراقدا ژیانی ئەو دوو گەلە لە باشترین حاڵەتیدا پێکەوەژیانیان ئیختیاری دەبێ بۆ مانەوەو جیابونەوە لە عێراقی یەکگرتوودا؟ بەڵام دادگای فیدرالی عێراق یەکلایەنە دەکەوێتە ژێر فشاری سیاسی و شۆڤینی عەرەبی و ئەو بریارە نایاسایی و نادەستوریە دەردەکات لەدژی مییللەتێ ،کەبەدرێژایی مێژووی دروستکردنی عێراق ،هەمیشە کورد باجی ئەو بندەستی یەی داوە و بەردەوام لە حوکمرانی یەک لەدوای یەکی عێراق گەورەترین تاوانی جینۆسایدو کیمیایی و ڕەشەکوژی لەدژی کورد ئەنجامی داوە کە کورد بە ووتەی خۆیان هاووڵاتی پلە یەکی عێراق بووە؟ لەسەروبەندی عێراقی نوێشدا، دەسەڵاتدارانی عێراق وەک پیشەی لەپێشینەیان، نەک هەر ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵ وادەو بەڵینەکانیان لەگەڵ کورد، کاتێ شتێ نەمابوو بەناوی عێراقەوە، کورد خاوەنی کیانی ئیداری خۆی بوو وەک ئەمری واقیع، لەکاتی هاتنی داعش و داگیرکردنی شارو ناوچەکانی سونەنشین ،جارێکی تر کورد لەسەر هەڵوێستی نیشتمانیانەی پەیگربوو بەداخەوە ئەوان بەدوای ئەوەدا دەگەران لەپشتەوە خەنجەری ژەهراویان لە کورد بدەن وەک چۆن لەکەرکوک دایان ؟ ئێستاش دادگای فیدراڵی عێراق کە ئێمە بە بێلایەنی نازانین به چ پێوەرو یاساو بنەمایەک دێت دەنگی ته واوی دەنگ دەرانی خەڵکی کوردستان دەخاتە خانەی ناشەرعی بوونەوە کە خۆی لەخۆیدا بەپێی دەستور ریفراندۆم یاساییە؟ ریفراندۆم نە بە دادگای فیدرالی عێراق و نەبەپشت تێکردنی ووڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی وەک ئەمریکاش ناتوانێ هەڵی بوەشێنێته وە؟ بەڵکو ریفرانۆم بووبە تاپۆیەکی ڕەش بۆ خەڵکی کوردستان تەنها جەماوەری کوردستان دەتوانێت ئەنجامی راپرسی هەڵبوەشێنێتەوە ، گەر نەیار و ناحەزانی جەماوەری کوردستان بە دادگای فیدرالی عێراقەوە ،توانیبێتیان ،پرۆسەکە دووربخەنەوە لە جێ بەجێ کردنی ئەوا بەدڵنیایەوە ریفراندۆم بووبە بەڵگە نامەیەکی مێژوویی هەرێمی کوردستان ،،تەنانەت حکومەتی عێراق و هیچ کەس و لایەنێک و ناحەزێک پێی خۆش بێ یا نا، هەر دەچەسپێ.