ئیتر سه‌رده‌می كه‌ركووك قه‌ڵای یه‌كێتیه‌ كۆتایی پێهات

رێكان سه‌باح

تا ئه‌و چركه‌ ساته‌ یه‌كێتیه‌كان و گۆڕانه‌كانیش له‌وه‌ حاڵی نین ئه‌وه‌ی باڵێكی خیانه‌ت و كه‌ركووك فرۆشكردوویه‌تی، چیه‌؟ وه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی چین؟ ئه‌وه‌ی له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری ره‌ش گوزه‌را، یه‌ك مه‌فهومی هه‌یه‌ و یه‌ك رێگای شیكه‌ره‌وه‌ی هه‌یه‌، ئه‌ویش فرۆشتنی كه‌ركووكه‌ به‌ سه‌ربه‌خۆی كوردستانیشه‌وه‌، چونكه‌ له‌ رووداوه‌كانی رۆژی پاش 16ی ئۆكتۆبه‌ر، چه‌ند لێدوانێك بوونیان هه‌بووه‌، له‌زاری ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تێوه‌گڵاون به‌ فرۆشتنی كه‌ركووك وه‌ك ئاسۆ مامه‌ند و وه‌ستا ره‌سوڵ و بافل و لاهور و ئاراس و شوان داودی و ئاڵا، كه‌ هه‌موو ئه‌و لێدوانانه‌ كۆكه‌یته‌وه‌، ده‌رئه‌نجامی فرۆشتنێكی رووتت ده‌ستده‌كه‌وێت، كه‌ ئه‌مانه‌ن( وه‌ستا ره‌سوڵ: ئێمه‌ له‌شه‌ڕه‌كه‌دا به‌هۆی نابه‌رامبه‌ر بوونی هێز شكاین! ئاراس جه‌نگی: كه‌ركووك شارێكی عێراقیه‌ و خاوه‌نه‌كه‌ی وه‌ری گرتۆته‌وه‌! لاهور جه‌نگی: رێگریمان كرد له‌ به‌كوشت دانی پێشمه‌رگه‌ و پاشه‌كشه‌مان كرد! بافل تاڵه‌بانی: پاشه‌كشه‌ نه‌بوو به‌رێكه‌وتن بووه‌ كه‌ زیاتر له‌ 35 ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی واژوویان كردووه‌! ئاڵا تاڵه‌بانی: كه‌ركووك گه‌رایه‌وه‌ باوه‌شی نیشتمان!. ئاسۆ مامه‌ند: كه‌ركووك رزگار كرایه‌وه‌! ته‌واوی ئه‌وانی تریش به‌م نمه‌ته‌ هه‌مه‌ جۆڕه‌ لێدوانیان دا، ئه‌وه‌ی له‌م جۆڕه‌ لێدوانانه‌ بۆت روون ده‌بێت، كه‌ركووك نه‌ رێكه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌، نه‌ هێزی تێدا شكاوه‌، كه‌وایه‌ كۆی ئه‌و لێدوانه‌ دژه‌ به‌ یه‌كانه‌، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن، كه‌ركووك فرۆشراوه‌ ئه‌مه‌ش له‌و لێدوان و بۆچوونانه‌، به‌رووتی ده‌رده‌كه‌وێت.

كاتێك ده‌گه‌یت به‌وه‌ی كه‌ركووك فرۆشراوه‌، كه‌وایه‌ بۆچی تاوه‌كو ئێستا یه‌كێتی له‌وه‌دا حاڵی نیه‌؟! ئه‌وه‌ی له‌كه‌ركووك ده‌گوزه‌رێت چیه‌؟ باڵێكی ناو یه‌كێتی له‌ كه‌ركووك( خاك و خه‌باتی سه‌د ساڵه‌ی كوردیان فرۆشت) كه‌وایه‌ مرۆڤی كوردی فرۆشت، سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی كوردیان فرۆشت، خه‌باتی سه‌ربه‌خۆی فرۆشت، خوێنی شه‌هیدی فرۆشت. به‌كه‌ركووك فرۆشتن، شتێك بۆ مرۆڤی كه‌ركووك نامێنێت، تاوه‌كو یه‌كێتی بێت؟ بنه‌ماكانی یه‌كێتی بوونی خه‌ڵكی كه‌ركووك، وابه‌سته‌ی هیچ روانگه‌یه‌كی سیاسی و روحێكی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤبوون نابێت و ناتوانرێت بانگه‌شه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، واتا خه‌ڵكی كه‌ركووك هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌یه‌كێتی نه‌ماوه‌، هه‌موو ئه‌و بنچینه‌ نه‌ته‌وه‌ی و سیاسی و مافه‌ نه‌ماوه‌ له‌ یه‌كێتی دا؟ ئه‌مه‌ ئه‌و پرسه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی تێیدا حاڵی نیه‌، كه‌ بانگه‌شه‌ بۆچی ده‌كه‌ن له‌كه‌ركووك؟ مافی و دیموكراسی كه‌ فرۆشراوه‌، مافی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ویش فرۆشراوه‌، چونكه‌ له‌ فرۆشتنی خاك و خه‌ڵك دا چ به‌هایه‌ك بۆ ئه‌مانه‌ ماوه‌ته‌وه‌؟ چ رێچكه‌یه‌ك ماوه‌ یه‌كێتی به‌ خه‌ڵكی كه‌ركووك ببه‌ستێته‌وه‌؟ كه‌وایه‌ له‌ئێستادا قه‌ڵایی یه‌كێتی له‌كه‌ركووك كۆتایی پێهاتووه‌، یه‌كێتی خۆی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت، به‌ بانگه‌شه‌ی پارێزگاری كه‌ركووك، كه‌ ده‌بێت یه‌كێتی بێت، به‌مه‌ش زیاتر خه‌ڵك له‌وه‌ حاڵی ده‌كات یه‌كێتی هیچ به‌هایه‌كی ئه‌خڵاقی تێدا نه‌ماوه‌ته‌وه‌، تاكو وابه‌سته‌ی بێت، به‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ره‌وشێكی داگیركراوی پڕ له‌ هه‌ره‌شه‌ دان، یه‌كێتیش له‌خه‌می پۆست و پله‌یه‌.

فۆرمێكی تر له‌ پاراستن و هێشتنه‌وه‌ی كه‌ركووك له‌ده‌ست كوردا، وابه‌سته‌ی یه‌كێتی نابێت، قۆناغی پاش 16ی ئۆكتۆبه‌ر بۆ خه‌ڵكی كه‌ركووك، جێگای ئه‌مان نابێت هێزی یه‌كێتی له‌كه‌ركووكدا بێت، چونكه‌ ترسی پاشه‌كشه‌ به‌ره‌به‌یانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كۆتایی هێناوه‌ به‌ بوونی هێزی یه‌كێتی وه‌ك هێزێكی ئه‌مان له‌ كه‌ركووك وه‌ك جێگای متمانه‌، ئه‌مه‌ش بابه‌تێكی تێكه‌ڵابووی هه‌ستی خه‌ڵكی كه‌ركووكه‌ و ئاسا نیه‌ جارێكی تر ئه‌و متمانه‌یه‌ دروست ببێته‌وه‌، بۆیه‌ كه‌ركووكیه‌كان له‌هه‌رگۆڕانكاریه‌ك له‌و داگیركاریه‌ی كه‌ ئێستا ناشاردرێته‌وه‌،  بهێته‌ پێشه‌وه‌ وێنای هێزی یه‌كێتی به‌ بوونی پاشه‌كشه‌ی به‌ره‌به‌یانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ناسرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات هێزی متمانه‌ پێكراو له‌ كه‌ركووكدا بێت یان دروست بكرێت”.

كه‌ته‌واوی ئه‌و لێكه‌وتانه‌ هه‌ڵه‌سه‌نگێنیت ده‌گه‌یت به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ كه‌ركووك، كه‌ جارێكی تر خه‌ونی شاعیرانه‌یه‌ ببێته‌وه‌ قه‌ڵای یه‌كێتی و ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌گه‌ڵ هاتنی قاسم سولێمانی بۆ سه‌ر گۆڕی مام جه‌لال فاتحایی بۆ خوێنرا”.

 

Back to top button