حەشدی شەعبی بە زەبری هێز بەر پرسێكی یەكێتی لەسنوری پارێزگای كەركووك لادا

دوای ئەوەی كەركووك لە لایەن سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی بە هاوكاری گرووپی خیانەتكاری یەكێتی كەركووكیان داگركرد, دوای ماڵ بەدەركردنی نزیك بە دووسەد هەزار كەس لەكەركووك, ئێستا ئەو شارە لەژێر هەژموونی سەربازی توند بەرێوە دەچێت, بەشێكی زۆری بەر پرسەكوردەكانیان لە دەسەڵات لاداوە, ئەمڕۆش بەرپرسێكی ئیداری لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سنووری پارێزگای كەركووك، لە كارەكەی لادرا و ئاشكرای كرد كە ناتوانێت لەژێر دەسەڵاتی میلیشیا چەكدارەكاندا كار بكات.
د. ئەمیر خواكەرەم، قایمقامی داقووق كە لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند: “ئەنجومەنی قەزای داقووق لەژێر ھەڕەشەی چەكداراندا كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام داوە و تێیدا بڕیار دراوە و لە پۆستەكەم دوور خراومەتەوە و ھەواڵی لادانم لە پۆستەكەم لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پێم گوتراوە”.
ئەوەشی ئاشكرا كرد: “لە ژیانمدا سووكایەتیم لە كەس قەبووڵ نەكردووە و بە لاوازی ناشگەڕێمەوە و چەكدارەكان بە ئارەزووی خۆیان بێن و دەستدرێژی بكەنە سەر خەڵك، لە بەرامبەریشدا نەتوانم وەڵامم ھەبێت، بەڕاستی ئەمەم پێ ناكرێت”.

د. ئەمیر خواكەرەم، ئەوەشی خستە ڕوو: ”ویستوومە خزمەتی ھەموو پێكھاتەكانی داقووق بكەم بە (كورد، عەرەب و توركمانەوە) و سوننە و شیعە و ھەموو حزبەكان، من ناتوانم لەژێر دەسەڵاتی چەكداراندا كار بكەم، بەڵكوو دەمەوێت لژێر دەسەڵاتی دەستوو و یاسادا كار بكەم”.

ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر ئاڵا تاڵەبانی، پەرلەمانتاری گرووپە خیانەتكارەكەی 16ی ئۆكتۆبەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەردانی داقووقی كرد و بانگەشەی ئەوەی كرد كە لەگەڵ میلیشیاكان و هێزە داگیركەرەكان لەسەر گەڕاندنەوەی قایمقامی داقووق ڕێككەوتووە.
ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی یەكێتی، پەلاماری خورماتوو، كەركووك و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی كوردیان شەهید و بریندار كرد و نزیكەی 200 هەزار كەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆكتۆبەر كۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و خورماتوو لە ئەستۆی كاڵفامەكانی نێو یەكێتی دایە“.

Back to top button