حەشدی شەعبی هەڕەشە لە هێزەكانی ئەمەریكا دەكات, دەلێن لە عێراق نەكشێنەوە لێیان دەدەین

دوای ئەوەی میلیشای حەشدی شەعبی بە فەتوایەكی ئاینی دامەزرا, دوای دامەزرانیەوە لە ژێر سەرپەرشتی فەرماندەكانی نزیك لە ئێران و زۆركاتیش راستەوخۆ لە لایەن ئێرانەوە سەرپەشتی كراوە, ئەمڕۆش بە سەدان چەكداری حەشدی شەعبی خۆپیشاندانێكیان لە شاری نەجەف سازكرد و تێیدا دژایەتی خۆیان بۆ بڕیاری كۆنگرسیی ئەمەریكا نیشاندا، كە كۆنگرێس بزووتنەوەی نوجەبای سەر بە هێزەكانی حەشدی خستۆتە لیستی تیرۆرەوە.

لەمبارەشەوە عەبدولڵەتیف عەمیدی سەركردە لە گروپی سەرایا عاشوورای سەر بە حەشدی شەعبی لە لێدوانێكی میدیاییدا گوتی “دوای بڕیارەكەی كۆنگرێس لەدژی بزووتنەوەی نوجەبا، لەئێستادا هێزەكانی ئەمەریكا دوژمنی راستەوخۆی ئێمەن”، هەورەها راشیگەیاند “مەبەستی ئەمەریكا لەو بڕیارە بۆ بەئامانج كردنی هێزی بەرگری ئیسلامی و تەواوی گروپەكانی سەر بە حەشدی شەعبیە”.

عەمیدی داواشی لە هێزەكانی ئەمەریكا كرد، عێراق جێ بهێڵن، چونكە وەك خۆی ئاماژەیپێكرد “ئەگەر لەعێراق نەكشێنەوە لەمەودوا دەبنە ئامانجی هێزەكانیان”.

بەر لەچەند رۆژێك كۆنگرێسی ئەمەریكا بزووتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی لە عێراق، لە لیستی رێكخراوە تیرۆریستیەكاندا پۆڵێن كردبوو و داوشی لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا كردبوو، سزای ئەو كەس و لایەنانە بدات كە پەیوەندیان بەو گروپەوە هەیە، هەروەها ماوەی 90 رۆژی وەك مۆڵەت بۆ قەدەغەكردنی ئەو بزووتنەوەیە دیاری كردبوو.

بزووتنەوەی نوجەبا لە ئەنجامی درووستبوونی درز لە ریزەكانی عەسائیب ئەهلول حەق لە ساڵی 2013 درووست بووە و، ئێستا لەلایەن ئەكرەم كەعبیەوە سەركردایەتی دەكرێت، كە كۆنگرێسی ئەمەریكا پێشتر رایگەیاندبوو، كەعبی دەستی لە بۆردومانكردنی ناوچەی سەوزی شاری بەغدا لە ساڵی 2008 دا هەبووە و جەختی كردبووەوە، كەعبی تیرۆریستە.

Back to top button