حزبی شیوعی كوردستان: ئیرادەی گەلی كوردستان لە بڕیاری دادگای فیدرالی بەهێزترە
حزبی شیوعی كوردستان، بڕیاری دادگای فیدرالی عێراق دژی ریفراندۆمی ھەرێمی كوردستان رەتدەكاتەوە و رایدەگەیەنێت، ئیرادەی گەلی كوردستان لە بریاری دادگای فیدرالی بەهێزترە.
لە راگەیەندراوی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان ھاتووە: ” لە كاتێكدا ریفراندۆمێك كە زیاتر لە 3 ملیون دەنگی هێنابێ و لە دەستووریشدا هیچ بەربەستێك نەبێ لە رێگای ئەنجامدانیدا، رەنگدانەوەی ئەوەیە كە گەل سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتەكانە و دەسەڵاتی گەلی كوردستان لە بڕیاری شێواوی دادگای ئیتحادی بەهێزترە ، دادگایەك كە لە 2004 دروست كراوە، دەبوایە دوای بڕیاردانی دەستوور لە 2005 قانونێكی نوێ بۆ دادگای دەستووری و پێكهاتەیەكی نوێ دادگای دەستووری دابنرێ، هەر بۆیە ئەوەی پێویستی بە هەڵوەشاندنەوە هەیە و كە نادەستوورییە خودی دادگای ئیتحادییە نەك ریفراندۆم”.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە: “بڕیاری ریفراندۆم كە دەڕبڕی ئیرادەی گەلی كوردستانە بە هیچ هێزیكی ناوخۆی و دەرەكی هەڵناوەشێتەوە، وتەنانەت نە پەرلەمانی كوردستان و نەحكومەتی هەرێمیش ماف و توانای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بریارەی نییە، كە بۆتە بەڵگەنامەیەكی مێژووی نەك بە مانای بەشێك لە رابووردوو، بەڵكو بەڵگەنامەیەكی مێژووی و قانونی لە سەر ئاستی ناوخۆو نێودەوڵەتی بۆ ئایندەی گەلی كوردستان”.
دەقی بەیاننامەی حزبی شیوعی كوردستان مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان
رۆژی 20 تشرینی دووەمی 2017 وەك كارێكی چاوەڕوانكراو، دادگای ئیتحادی لە بەغدا بریارێكی دەركردوە كە ریفراندۆمی گەلی كوردستان لە 25ی ئەیلولی 2017 نادەستورییە و هەر هەنگاوێكیش بۆ ئەم مەبەستە نرا بێت هەڵدەوەشێنرێتەوە. ئەم بریارەی دادگای ئیتحادی دوای ئەو بریارە دێت كە تەفسیری ماددەی یەكەمی دەستور بێ خۆ ماندوو بوون بە تەفسیركردن، دەكات و لە دەرئەنجامیدا داواكردنی سەربەخۆیی هەر پێكهاتەیەك بە نادەستوری دەزانێت و تەنها ئاماژە دەكات كە لە دەستوردا هیچ دارشتنێك نییە بوار بە جیابونەوە بدات لە كاتێكدا ئەگەر دوور لە مەبەستی سیاسی و لە چوارچیوەی قانوندا دادگای ناوبراو خۆی بە تەفسیركردن خەریك بكردایە روونە دەستور باس لە وە دەكات كە جێَبەجێكردنی دەستور زامنی یەكپارچەیی عێراقە كە دوای 13 ساڵ جێبەجێنەكراوە.بەڵام ئاشكرابوو كە مەبەست لە بریاری یەكەم رێگاخۆشكردنە بۆ بریاری نادەستوری ریفراندۆم كە ئەمرۆ ئەو دادگایە وەریگرتوە.
لێرەدا ئەركی ئێمە باسكردنی وەزعی دادگای ئیتحادی نییە كە پێش دوو ساڵ جەماوەری خەڵكی بەغدا وناوەراست وباشوری عێراق نەك خەڵكی كوردستان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم دادگایەیان دەكرد و تومەتی گەندەڵی و دووركەوتنەوە لە بنەمای داد و ملكەچبوونی بە بریاری سیاسییان دەدایە پاڵی لە چوارچێوەی هەڵمەتی روووبەرووبونەوەی گەندڵی و چاكسازی لە سیستمی دادوەری، بەڵام ئەوەی كە پەیوەندی بە چەمكی ریفراندۆمی گەلی كوردستانەوە هەیە، ئەو دادگایە دوور لە كاری پیشەیی، خۆی خزاندە هەڵویستی دامودەزگاكانی دیكەی حكومەتی عێراق كە چەندین سزای جۆراجۆری بەسەر كوردستاندا سەپاندوە، بێ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە كە ئایا سەرجەم هەڵوێستەكانی حكومەت و پەرلەمانی عێراق دژ بە كوردستان بە پێی دەستور بووە! ئایا دەكرێت ئەم بابەتە بەم شێوە یەكلایەنییە بریاری لە سەر وەرگیرێت و مامەلە لە گەڵ ئەم بابەتە بە شێوەیكی هەڵبژاردەی دابڕاو لە سەرجەم ماددەكانی دەستور، بكرێت!
دادگای ئیتحادی چاوپۆشی لە سەرجەم پێشێلكردنەكانی دەستور دەكات بێ ئەوەی فزەی لێوە بێت بەڵام سەبارەت بە بابەتێكی گرنگ كە پەیوەندی بە پرنسپەكانی دەستور و چەمكی خودی فدرالیەتەوە هەیە كە ماناكەی یەكێتییەكی ئارەزومەندانەیە نەك یەكێتییەكی زۆرەملێ ، بریارێكی سیاسی وەردەگرێت كە لە دەسەڵاتی ئەو دادگایە نییە، لە كاتێكدا ریفراندۆمێك كە زیاتر لە 3 ملیون دەنگی هێنابێ و لە دەستوریشدا هیچ بەربەستێك نەبێ لە رێگای ئەنجامدانیدا، رەنگدانەوەی ئەوەیە كە گەل سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتەكانە و دەسەڵاتی گەلی كوردستان لە بریاری شێواوی دادگای ئیتحادی بەهێز ترە ، دادگایەك كە لە 2004 درووست كراوە و دەبوایە دوای بریاردانی دەستور لە 2005 قانونێكی نوێ بۆ دادگای دەستوری و پێكهاتەیەكی نوێ دادگای دەستوری دابنرێ، هەر بۆیە ئەوەی پێویستی بە هەڵوەشاندنەوە هەیە و كە نادەستورییە خودی دادگای ئیتحادییە نەك بر یاری ریفراندۆم.
بریاری ریفراندۆم كە دەڕبڕی ئیرادەی گەلی كوردستانە بە هیچ هێزیكی ناوخۆی و دەرەكی هەڵناوەشێتەوە، وتەنانەت نە پەرلەمانی كوردستان و نەحكومەتی هەرێمیش ماف و توانای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بریارەی نییە، كە بۆتە بەڵگەنامەیەكی مێژووی نەك بە مانای بەشێك لە رابووردوو، بەڵكو بەڵگەنامەیەكی مێژووی و قانونی لە سەر ئاستی ناوخۆو نێودەوڵەتی بۆ ئایندەی گەلی كوردستان.
گەلی كوردستان بە یەكریزی توانای تێپەركردنی ڕەوشی ئێستای هەیە و پێویستە ئەم یەكریزییە لە بەریوبردنی حوكمی كوردستان و دانوستان لە گەڵ بەغداو مامەڵەكردن لە گەڵ هۆكاری نێودەوڵەتی بەرجەستە بێت، و گەلەكەشمان مافی خۆیەتی بە هەموو شێوازێكی دیموكراسیانە و مەدەنی نارەزایی خۆی سەبارەت بەم بریارەی دادگای ئیتحادی دەڕبرێت.
مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان
20/ 11/ 2017