عەبادی: پابەندین بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانین

لە میانەی پێكەش كردنی وتاری هەفتانەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، ستایشی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری كوردستان و رایدەگەیێنێت، پابەندین بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان .

حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا ئەمڕۆ سێشەممە 21-11-2017 رایگەیاند، داعش لەرووی سەربازییەوە كۆتاییهاتووە و لەماوەیەكی كورتدا ئۆپەراسیۆنی كۆتایی داعش لە بیابانی ئەنبار دەستپێدەكات.

حەیدەر عەبادی گوتی، دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنەكانی پاككردنەوە، كۆتاییهاتنی داعش لە عێراق رادەگەیێنین.

سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، حەیدەر عەبادی گوتی: “بەپێی دەستوور، هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت”. گوتیشی: “پێویستە ئاوارەكان بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن”.

سەرۆكوەزیرانی عێراق لە بەشێكی قسەكانیدا لەبارەی بڕیارەیكەی دادگای فیدراڵی لەسەر ریفراندۆمی باشووری كوردستان گوتی: “ستایشی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم”.

حەیدەر عەبادی هەروەها گوتی داوا لە برایانی كورد دەكەم پەنا بۆ شەڕ نەبەن. پابەندی حكومەتەكەیش دووپاتكردەوە بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

 

Back to top button