حەوت ملیۆن دۆلار بۆ دەرچوانی تواناسازی خەرج دەكرێت

بەهۆی قەیرانی دارای هەرێمی كوردستان, پڕۆژەی تواناسازی قوتابيانى هەرێمی كوردستان تەگەرەی تێكەوت بە هۆیەوە بەشێكی زۆری قوتابیان بڕی پارەی خوێندنیان بۆ خەرج نەكرا, بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایدەگەیەنێت وەك قۆناغی یەكەم بڕیاردرا بە خەرجكردنی بڕی 6 ملیۆن و 553 ھەزار و 610 دۆلاری ئەمریكی وەك لیستی نۆیەمی شایستەی دارایی دەرچوانی بەرنامەی تواناسازی، كە تیایدا ٨٢٦ دەرچووی تواناسازی لێی سوودمەند دەبن.

عەباس ئەكرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕای گەیاند: “لە چوارچێوەی ھەوڵە بەردەوامەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بۆ دابینكردنی شایستەی دارایی بۆ دەرچوانی بەرنامەی تواناسازی ئەوانەی خویندنیان بە سەركەوتووی تەواو كردەوە، پاكتاوی داراییان ئەنجام داوە و پارەیان لەلای حكوومەت ماوە، بۆ ئەوەش لێژنەی دابەشكردنی شایستە داراییەكانی بەرنامەی تواناسازی بڕیاری دا بە خەرجكردنی لیستی نۆیەمی شایستەی دارایی دەرچوانی بەرنامەی تواناسازی ئەوانەی كە بەسەركەتووی خوێندنیان تەواو كردوە”.

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەوەشی خستە روو، كە لیستی نۆیەمی شایستەی دارایی دەرچوانی بەرنامەی تواناسازی بڕەكەی بریتییە لە 6 ملیۆن و 553 ھەزار و 610 دۆلار، بۆ ئەوەش ٨٢٦ دەرچووی بەرنامەی تواناسازی لێی سوودمەند دەبن، كە وەك قۆناغی یەكەم (٥٠%) كۆی شایستە داراییەكانی كاندیدانی دەرچوی تواناسازی خەرج دەكرێت.

 

لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سەرجەم ئەو دەرچوانەی بەرنامەی تواناسازی ئاگادار دەكات،‌ كەناویان لە لیستی ژمارە نۆی ساڵی ٢٠١٧ی ھاوپێچدا ھاتووە و، ژمارەیان ٨٢٦ دەرچووە، سەردانی وەزارەت بكەن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەوەشی روون كردووەتەوە، كە ئەوانەی ناویان لە لیستی ھاوپێچدا ھاتووە پێویستە خۆی سەردانی ژووری ژمارە ٥٦ لەدیوانی وەزارەت بكات، بۆ وەرگرتنی چەكی سەرفكردنی شایستە داراییەكان، ھەروەھا پاسپۆرتی رەسەن و كۆپییەكی ڕەنگاو ڕەنگی لاپەڕەی یەكەم لەگەل خۆی بھێنێت و بەھیچ شێوەیەك چەكی پارە نادرێت بە بریكاری كاندید.
عەباس ئەكرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، گوتیشی: “ھەر ئەو ڕۆژەی كاندید چەكی پارە وەردەگرێت ھەر ئەو ڕۆژە دەتوانێت سەردانی بانكی كوردستانی نێودەوڵەتی/ لقی پێشەوا بەرامبەر ھۆتێل چوار چرا لەشاری ھەولێر بكات بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەكەی بەشێوەی كاش، ھەروەھا ئەگەر ھەر ڕۆژێك بكەوێتە بەر پشوو ئەوا ڕۆژی دواتر سەرەڕای چەكی ئەو ڕۆژە، چەكی ڕۆژە پشوەكەش دابەش دەكرێت.

Back to top button