وەزیری دەرەوەی بەریتانیا نامەیەك بۆ نێچیرڤان بارزانی دەنێرێت
دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان چەندین جار ئامادەی هەرێمی كوردستانی بۆ دەست پێكردنەوەی گفتوگو لە گەڵ بەغدا دەربڕی, بۆریس جۆنسن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەستخۆشی لە هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ بەمەبەستی دەستپێكردنی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان دەكات و دووپات دەكاتەوە كەبەریتانیاش بە هەمان ئاراستە لەسەر هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 22/11/2017 له دیدارێكدا بەڕێز جۆن ویڵكس، باڵیۆزی بەریتانیا له عیراق نامەكیەی گەیاند، كەتیایدا بەڕێز وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دووپاتی كردۆتەوه هەوڵێكی جددی لە ئارادایە بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ بەمەبەستی چارەسەركردنی ناكۆكییهكانی هەولێر ـ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، پشتگیریی بەریتانیایشی بۆ سەرخستنی پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان دەربڕیوە.
لە دیدارەكەدا كە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، بەڕێز ویڵس باسی دوا دیدارەكانی لە عیراق و دۆخی پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدای كرد و تیشكی خسته سهر هەوڵەكانی وڵاتەكەی بۆ چارەسەركردنی ناكۆكیییەكانی نێوان هەردوولا.
لای خۆیەوە بەرێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی بەڕێز وەزیری دەرەوەی بەریتانیا كرد و دووپاتی كردەوه هەرێمی كوردستان بەردەوام هەوڵی داوە ناكۆكییهكان له ڕێگەی دیالۆگەوه چارەسەر بكرێن، داوای لە دۆستانی هەرێمی كوردستانیش كرد لە هەوڵی بەردەوامدا بن بۆ زەمینەخۆشكردنی دیالۆگی نیوان هەولێر و بەغدا.