سەرۆكی لیستی برایەتی: كەركووك شارێكی داگیركراوە و حوكمی سەربازی تێدا پەیڕەو دەكرێت
دوای ئەوەی كەركووك لە لایەن سوپای پاسداران و میلیشیاكانی حەشدی شە عبی بە هاوكاری گرووپی خیانەتكاری یەكێتی داگیركرا, ئێستا دۆخێكی سەربازی باڵی بەسەر شارەكەدا گرتووە, سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ڕای دەگەیەنێت، تا فەرماندەی سەربازی لە كەركووك حوكم بكات، ناگەڕێنەوە شارەكە.
محەمەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ڕاگەیاند: “كەركووك شارێكی داگیركراوە و حوكمی سەربازی تێدا پەیڕەو دەكرێت، بۆیە نا گەڕێینەوە كەركووك تا لە ژێر دەسەڵاتی حوكمی سەربازیدا بین، داوای كشانەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی لە شارەكە دەكەین”.
سەرۆكی لیستی برایەتی، ئەوەشی خستە روو، كە كە دۆسییەی ئەمنی شاری كەركووك وەك پێشتر لە دەستی پارێزگار، پۆلیس و ئاسایشی شاردا نییە، بەڵكو لە دەستی فەرماندەیەكی سەربازی دایە و گوتیشی: “ئێمەش لەمەدا ناكۆكیمان ھەیە و ئەگەر ھەندێ لە برادەرانی یەكێتی ئەوەیان پێ قبوڵ بێت، ئەوا ئێمە پێمان قبوڵ نییە كە حاكمێكی سەبازی حوكمی كەركووك بكات”.
محەمەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتی، گوتیشی: “حەیدەر عەبادی، قسەی زۆر دەكات، بەڵام كرداری كەمە و قسەكانی جێبەجێ ناكات، چونكە لە ماوەی سێ ساڵی حوكمڕانیدا باسی ناردنی بودجەی بۆ ھەرێمی كوردستان كرد، بەڵام لە سنووری حەمرین بەملاوە یەك دینار نەھاتووە، ھەروەھا كاتێك باسی گەڕانەوە ئاوارەكانیش دەكات، با سەرەتا حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی بكشێنێتەوە، ئەو كاتە خەڵك دەگەڕێتەوە”.