پەرلەمانتارێكی نزیك لە عەبادی: هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

 

 

دوای ئەوەی حكومەتی عێراق بە هێز هێڕشی كردە سەر هەرێمی كوردستان و بە شێك لە خاكی كوردستانی داگیر كرد, پەیوەنیەكانی نێوان هەولێرو بەغدا گرژی تێكەوت, ئەگەر چی هەرێمی كوردستان چەندین جار داوای چارە سەركردنی كێشەكانی كردووە لە رێگای گفتووگۆ بەڵام بەغدا زەمینە سازی بۆ گفتوگۆناكات, پەرلەمانتارێكی دەولەتی یاساش ئاشكرای دەكات, كە هەفتەی داهاتوو رەنگە گفتوگۆكان دەست پێبكەنەوە.

جاسم بەیاتی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكرد، هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێمی كوردستان بۆ دانوستانی چارەسەری كێشەكان سەردانی بەغدا دەكات.

بەیاتی كە كەسێكی نزیكی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقە گوتیشی: “هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەكانی نێوان حكومەتی هەولێر و بەغدا، بۆ دەستنیشانكردنی میكانیزمی دیاریكردنی خاڵە ناكۆك و هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا دەستپێ دەكەن”.

رونیشی كردەوە “بەغدا باسی 80 سەرچاوەی دارایی لەگەڵ شاندی كوردستان دەكات، كە بە بڕوای خۆی حكومەتی هەرێم سەرپێچی لەو سەرچاوانەدا كردووە”.

ئاماژەی بەوەشكرد “گرنگترین ئەو سەرچاوانه لە فڕۆكەخانەكان، خاڵە سنووریەكان، دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت و گرێبەستە ئیمزاكراوەكان لەو بوارەدا پێكهاتوون، وێڕای بوونی هێزەكانی پێشمەرگە لە دەرەوەی سنووری كوردستان”، جەختیشی كردەوە “دانوستانەكانی نێوان شاندی كوردستان و حكومەتی عێراق بە ئامادەیی لایەنە سیاسیەكان بەڕێوە دەچن، بۆئەوەی گفتوگۆكان شەفافتر بن و لەژێر سەقفی دەستوور بەڕێوە بچن”.

بەیاتی گوتی “نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەردانەكەیدا بۆ شاری سلێمانی، بڕیاری كۆتایی بۆ پێكهێنانی شاندی هەرێمی دا، كە لە لایەنە بەشداربووەكانی حكومەتی هەرێم پێكدێن و هەریەك لە سەرۆكی حكومەت، جێگرەكەی، وەزیری دارایی، وەزیری كشتوكاڵ، گوتەبێژی حكومەت و راوێژكارانی یاسایی لەبوارەكانی كارگێڕی و ئابووری لەخۆ دەگرێت”.

لە لێدوانەكەیدا بەیاتی ئاماژەی بەوەش كرد “یەكەم رێكەوتن لەسەر ئەو كراوە، شاندی هەرێم لە 2 نوێنەری پارتی، 2ی یەكێتی، 2ی گۆڕان، نوێنەرێكی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و نوێنەرێكی یەكگرتووی ئیسلامی پێكدێت”.

Back to top button