بەڕێوەبەری كەناڵەكانی (NRT) دەستم لەكار كێشایەوە, چونكە هاوسەنگی میدیاكە هێندەی ناو بوو كردار نەبوو
دوای زنجیرەیەك دەست لە كار كێشانەوە لە ریزی كارمەندانی تەلە فزیۆنی ئێن ئاڕتی, ئەمڕۆ بەڕێوەبەری دامەزراوەی میدیایی (نالیا) دەست لەكار كێشانەوەی لە پۆستەكەی ڕاگەیاند و ئەوەی ئاشكرا كرد كە ماوەی ساڵێكە، بوونی لە ئاراستەكردنی سیاسەتی هاوسەنگانەی میدیاكەدا ”ئەوەندەی ناو بووە، كردار نەبووە“.
توانا عوسمان، لە ڕاگەیاندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست (خواكوڕك) كەوتووە، ئاماژەی بەوە كرد كە دوای زیاتر لە 7 ساڵ و 8 مانگ لە كاركردنیدا لەگەڵ كەناڵی (NRT)، ڕایدەگەیەنێت كە كاتی ئەوە هاتووە، دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی دامەزراوەی میدیایی (نالیا) ببێت و لەمڕۆوە وەك ڕۆژنامەنووسێكی سەربەخۆ كاری خۆی بكات.
ئەوەشی ئاشكرا كرد: ”ماوەی ساڵێك دەبێت، بوونم لە پۆستی سەرۆكی دامەزراوەكەدا ئەوەندەی ناو بووە، ئەوەندە كردار نەبووە، بەوپێیەی لەماوەی ئەو ساڵەدا وەك پێویست بەئەركی رۆژنامەنووسیی خۆم ھەڵنەساوم لە ئاراستەكردنی سیاسەتی ھاوسەنگانە و بابەتییانەی دامەزراوەكە“.
دووپاتیشی كردووەتەوە كە لەمڕۆوە هیچ پەیوەندییەكی پیشەیی بە ناوەڕۆكی ڕۆژنامەوانیی دامەزراوەكەوە نەماوە و وەك پێشكەشكارێك درێژە بە بەرنامەكەی دەدات لەو كەناڵە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ماوەی ڕابردوودا، دەیان كارمەند و بەرپرسی دیكەی كەناڵی (NRT) و دامەزراوەی (نالیا)، بەهۆی دژایەتیكردنی شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی دامەزراوەكە بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستان و تێكەڵكردنی میدیاكە بە ئاراستە سیاسییەكەی خۆی، هەروەها بەهۆی ئەوەی كۆمپانیاكە شایستە داراییەكانی پێ نەداون، دەستیان لەكار كێشاوەتەوە.
دوێنێ سێشەممە 21/11/2017ش، شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی كۆمپانیای (نالیا)، فرۆشتنی كۆمپانیاكەی و پڕۆژەكانی و كەناڵەكانی (NRT)یشی ڕاگەیاند.