رێكخراوێكی ئەمەریكی: بەڵگە بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی حەشدی شەعبی كۆدەكاتەوە

دوای داگیركردنی كوردستان لە لایەن میلیشاكانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران, بە تایبەت لە سنوی كەركووك جگە لە ئاوارە بوونی دووسەدهەزار كەس رەشبگیری و سوتان و تەقاندنەوەی ماڵ و خانووی هاوڵاتیان و تاوانی دژ بە مافەكانی مرۆڤ بە تایبەت دژ بە كوردانی شارەكە دەستی پێكرد ئێستا رێكخراوێكی ئەمەریكایی كار بۆ بەدۆكیومێنتكردنی تاوانەكانی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەكان دژی ھاووڵاتیانی ناوچەكە دەكات و، پارێزەرێكیش دەڵێ، “لە دادگا نێودەوڵەتییەكان ھەموو ئەو تاوانە بە جینۆساید دەناسێنین”.

(ئەیاد كاكەیی)، سەرۆكی رێكخراوی “شارەزای یاسایی” بۆ پرسە یاساییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، “تا ئێستا ھیچ رێكخرا و ناوەندێكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی كاری بۆ كۆكردنەوەی بەڵگە و دۆكیومێنت لەبارەی تاوانەكانی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەكان لە كەركووك و خورماتوو نەكردووە، بەڵام رێكخراوی گەشەپێدانی ئەمەریكایی بۆ پرسەكانی مافی مرۆڤ و جینۆساید، پڕۆژەیەكی ھەیە بۆ كاركردن لەسەر ئەو پرسە بە ھاوكاریی رێكخراوی شارەزای یاسایی و جینۆساید بەڕێوەی دەبەین و لەم رۆژانەدا دەست بە كارەكانمان دەكەین، ھەر لەبارەی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیەوە ئۆفیسێكمان ھەیە لە شاری ھەولێر و تیمی گەڕۆكیش ھەیە بۆ بینینی ئەو خەڵكەی لەو ناوچانە ئاوارە بوونە و سەردانیان دەكەین، داوایش لە خەڵكی تاوانلێكراو و ئاوارە دەكەین سەردانمان بكەن و بەڵگە و دۆكیومێنت بخەنە ڕوو لەسەر ئەو تاوانەی بەرانبەریان كراوە”.

(كاكەیی) گوتیشی، “ھەموو تاوانەكان لای ئێمە تۆمار دەكرێن ھەر لە سووتان و كوشتنی ھاووڵاتی و دەستدرێژیكردنەسەریان، ھەروەھا لایەنە سیاسییەكانیش دەتوانن سەردانمان بكەن بۆ ئەوەی زیانەكانیان تۆمار بكرێت لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن تا ئەوەی تاوانی ھاوشێوەی پەیامنێری دەزگەی سەتەلایەتی كوردستان بەسەریان نەیەت و دووبارە نەبێتەوە پێویستە رۆژنامەنووسان ھاوكاریمان بكەن، بێگومان تاوانی زۆر گەورە لەو ناوچانەی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەنجام دراون و بەشێكیان تاوانی جەنگن و بەشێكیان تاوانی جینۆسایدن كە تا ئێستایش بەردەوامییان ھەیە”.

(ئەیاد كاكەیی) دەشڵێ، “رێكخراوی گەشەپێدانی ئەمەریكایی رێكخراوێكی بەناووبانگە و مۆڵەتی لە ئەمەریكا وەرگرتووە، لەبەر ئەوە زۆر گرینگە رێكخراوێكی نێودەوڵەتی كار لەسەر بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی دژ بە گەلی كورد كراون بكات، چونكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگە لە بەرانبەر ئەو زوڵمەی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقیەكان بەرانبەر بە خەڵكی سڤیل ئەنجامی دەدەن، ئێمە لە قۆناغی یەكەمدا تەنیا بەڵگە و دۆكیومێنت كۆ دەكەینەوە و دواتر قۆناغی نوێ دەست پێ دەكات لەوەی لە چ دادگایەكی نێودەوڵەتی كار بۆ ئەوە بكەین ھەموو ئەو تاوانە بە جینۆساید بناسێندرێن و ھیچ نەبێت حكوومەتی عێراق سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژیانە دابنێت و قەرەبووی زیانلێكەوتووان بكاتەوە”.

Back to top button