ئێران, رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو شەڕێكی گەورەو خوێناوی دەبات
لەگەڵ پەرەسەندنی ئالۆزیەكان و دەست تێوەردانی ئێران لە كارووباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەكە لە ئێستادا گەورەترین مەرتسی لە ئاردایە كە ناوچەكە رووبەرووی جەنگێكی وێرانكار ببات, نوسەرێكی رووسی دەنوسێت:” رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرەو جەنگێكی گەورە هەنگاو دەنێت”
ئەلیكسەندەر چاركۆڤسكی، رۆژی سێشەممە لە رۆژنامەی “نیزاڤیسیمایا گازیتا”ـی رووسی بابەتێكی بڵاوكردووەتەوەو لە وتارەكەدا ئاماژە بەوەكراوە “هەواڵگریی ئیسرائیل، ئاماژەی ئەوەیداوە كە سوپای ئێران ناخوازن سووریا جێبهێڵن”، ئەفسەر و میلیشیا شیعەكان لە بنكەكاندا بۆ ماوەیەكی درێژ لە ناوچەی دیمەشق بڵاوكراونەتەوە كە تەنها 30 كیلۆمەتر لە سنوورەكانی ئیسرائیل دوورن، بۆیە دەزگا ئەمنییەكانی ئیسرائیل پێیانوایە “ئەو میلیشیا شیعیانەی بەشداریی شەڕیان كردووە، چوونەتە ریزی سوپای سووریاوەو تەلئەبیبیش ئەوە بە هەڕەشەیەكی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی دەوڵەتە عیبرییەكە دەزانێ”.
بەوبۆنەیەوە چاركۆڤسكی دەڵێت: “لەو چوارچێوەیەدا ئەڤیگدۆر لیبەرمان، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لەم داواییانەدا ژمارەیەك لێدوانیداوە كە دوو راڤە هەڵناگرن، یەكشەممەی رابردوو رووی قسەكانی كردووەتە وڵاتانی هەرێمایەتی و گوتوویەتی: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەركەكانیان كۆتاییهاتووە، بەڵام ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێك زیاتر پێویستە هاوپەیمانێتییەك دژی ئێران درووستبكرێت، چونكە ئێران “پاڵپشتیكار و لانكەی سەرەكی تیرۆرە”.
لە درێژەی وتارەكەیدا دەڵێت: “بە پلەیەكی بەرزی باوەڕبوونەوە دەتوانرێت بگوترێت، جەنگی هاوبەش دژی ئێران، رۆژهەڵاتی ناوین و ئاسیای ناوەڕاست دەگرێتەوە و لەوانەیە تەشەنە بكات بۆ ناوچەكانی دەوروبەریشی، جەنگێكی مەزهەبی كراوەیش لەنێوان سوننە و شیعە درووست بكات و وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیلیش پاڵپشتی سوننە بكەن. ئەگەر هاتوو هاوپەیمانێتییەك لەنێوان وڵاتە نەیارەكانی ئێران درووستبێت، ئەوكاتە هەموو ئەو وڵاتانەی لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا ئەندام بوون، دەچنە ناو ئەو هاوپەیمانێتییە نوێیەوە”.
بەڵام بەگوێرەی بۆچوونی نووسەری وتارەكە، حزبوڵڵا و دیمەشق، وەك دوو هاوپەیمانی دڵسۆزی ئێران دەمێننەوە، ئەوكاتە رووسیاش خۆی لەبەردەم دوو بژارەدا دەبینێتەوە، یان خزانە ناو جەنگێكی نوێی توند كە هەڕەشەی زیانی گەورەی لێدەكرێت و بۆ مۆسكۆ كاتی نییە، یان ئەوەی رووسیا پەیوەندییەكانی لەگەڵ هاوپەیمانە پێشینەكانیدا لە دیمەشق و تاران دەپچرێنێ و بەهێمنێ چاودێری رەوشەكە دەكات، تا بزانێت چی روودەدات”.