دیپلۆماتكارانی ئەمەریكا: داواى بەدەست هێنانەوەی متمانەی كورد دەكەن , ئەگەرنا ئێران دەیباتەوە

دوای ئەوەی ئەمریكا لە بەرامبەر هێرشەكانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بۆ سەركوردستان بێدەنگ بوو, ئێستا لەسەر ئاستی باڵای ئەمریكا بە تایبەت بەشێك لە دیپلۆماتكار و ئەفسەرە باڵاكانی ئەمریكا ئاشكرای دەكەن، لەبەر نەبوونی سیاسەتێكی ژیرانەی كۆشكی سپی لە عیراق و سوریا، لەئێستادا ئەمریكا ڕووبەرووی كێشە و گرفتی زیاتر بووەتەوە و گۆڕەپانیان بۆ كاریگەری و هەژمونەكانی ئێران لەناوچەكدا واڵاتركردووە.

لەمبارەیەوە “چارڵز واڵد” ئەفسەرێكی باڵای خانەنشینكراوی هێزە ئاسمانیەكانی ئەمەریكا دەڵێت: ئەگەر ئەمریكا بیەوێ ڕەوشی عیراق چاك بكاتەوە دەبێ هۆشیاری لە زۆر بوارەوە بداتە حكومەتی بەغدا و جەختی كردەوە، ئەگەر ستراتێژ و سیاسەتێكی زیرەك و ڕوون لە كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوەی هەبووایە بۆ پێگەی ئەمریكا لە عیراق، ئەوا هەرگیز چەك و كەلو پەلە سەربازییەكانمان نەدەكەوتنە دەستی میلیشیاكانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و هێرشی پێ بكەنە سەر دۆستی ڕاستەقینەی ئەمریكا لە ناوچەكەدا.

ئەمەش وایكردووە ئەمریكا بیر لەوە بكاتەوە، هەنگاوی خێرا بنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی فراوانخوازیەكانی خێرای هەژموونی ئێران لە عیراق و سوریا، كوردیش لەم نێوانەدا سەنگێكی قورسە بۆ گۆڕینی كێشی لاسەنگەكە، چاودێرانی سیاسی لە واشنتۆن دەڵێن ئێستاش كات بەسەرنەچووە بۆ ئەوەی ئەمریكا لاسەنگەكە بباتەوە، بەمەرجێك دیسان متمانەی شەقامی كوردستانی بەدەست بهێنێتەوە.

Back to top button