بۆچی عزەت شابەندەر دەڵێت (بارزانی و عومەری كوڕی خەتاب) وەك یەكن؟
یاد سرێشمەیی
عێراق لەبەر ئەوەی كێشەی بونیاتی هەیە, لەسەرەتای درووست بوونیەوە بە خواست و پرسی هیچ كام لە پێكهاتەكانی ناویەوە دروست نەبووە, بووەتە گۆڕەپانی بەریەك كەوتنی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی بە جۆرێك لەهەڤدژهاتن و رەتكردنەوەی یەكترو هەوڵدان بۆ تەپەسەری و بنپێكردنی ماف و ئازادی و پیرۆزیەكانی یەكتری ریشەی داكوتاوە, بۆیە زوو زوو لە وێنەی دەسەڵاتی سیاسی بەغدا ئەوە دەردەكەوێت كە كار لە پێناو نەتەوەی سەردەست و مەزهەبی سەردەست دەكرێت, ئەگەر دوێنێ كاركردن بۆ نەتەوەی سەردەست بەهۆی زەبری هێزە بوو بێت ئەمڕۆ بە گەڕانەوە بۆ فەتوای مەرجەع و كار بۆ مەزهەبی سەردەست دەكرێت, كە سەرچاوەی هەردووكیان دەچێتەوە ناویەك فەرهەنگ, لەكاتێكدا دووەمیان مەترسیدارترە.
ئەگەر سەیری وێنەی شێواوی عێراق بكەین لە ئێستادا كۆمەلێك كارت تێكەڵكراون (حكومەت, پەرلەمان, میلیشا و سوپا) بەڵام لە پشت هەموو كارتەكانەوە مەكینەی مەزهەبی بۆ وەگەڕخراوە بۆشەرعیەتدان بەو هەنگاوانەی كە دەینێن, بە جۆرێك كەلك لە مەزهەب وەرگیراوە بۆ چاوبەستینی تاكەكان و ئاراستەكردنیان رووەو ئەو بەرنامە مەترسیدارەی دژ بە نەتەوەو دین و مەزهەبەكانی دیكە لە ئارادایە و بەخەیالی درووستكردنەوەی دەولەتێكی مەزهەبی سەردەست, هەڵبەت لەپشت تێڕامانی خۆبەهەق زانی و پشت ئەستوور بە فەتوا لای شیعە بازاڕی كۆیلایەتی و رەتكردنەوە گەرمتردەبێت, گیانی دیالۆگ و مرۆڤ بوون جگە لەوەهم هیچی ترنییە و نابێت, بەگەڕانەوە بۆ نێو مێژووی درووست بوونی مەزهەبی شیعە راستیەكان ئاوەڵاتر دەردەكەون.
لە دوانزە ساڵی رابردووی حوكمی شیعە لە عێراقدا, تەنانەت بچوكترین هەنگاوی سیاسی لەكاروباری دەوڵەتداریدا بە بێ ڕەزامەندی مەرجەعە شیعیەكان نەبووە, بۆیە ئاراستە سیاسیەكان ئەگەر بۆ سونە بەئاقاری تۆڵەدا بردرابێت كە بەجۆرێك تا ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە, ئەوا بۆ كورد كە نەتەوەو مەزهەبی زۆرینەی جیاوازە دژایەتیەكان دووبارەو چەند بارە دەبنەوە, بۆیە لە ژێر هاواری تۆلەی حسێن پرۆسەی كورد كوژییان دەست داوەتێ, ئەمەش پەیوەندی بەو پاشخانە تائیفی و فەرهەنگیەوە هەیە كە ئەوانی پێ گۆشكراوە, ئەگەر لە مەراسیمە دینەكانیان وردبینەوە بۆ پیرۆزكردنی كەسایەتی (عەلی) خراپە دەخەنە پاڵ كەسایەتی (عمر), مادامێك سەرچاوەی سیاسەتی ئێستای عێراق راستەوخۆ لە حسێنیەكانەوە ئاراستە دەكرێت, تێكەلەیەكی مەزهەبی سیاسی درووست دەبێت كە لەوێ هەوڵدەدرێت كێشەكان بە شەخسەنە بكرێن, بۆ پیرۆزكردنی خۆیان لە بەهاو پیرۆزیەكانی بەرامبەریان بدەن.
لە رابردوو ئەگەر ئێمەومانان پەیمان بەو مەترسیە بردبێت و بانگمان لێ راهێشتبن چ پرۆسەیەكی بە مەزهەب كردنی وڵات بەرێوەدەچێت, لەدوای 16ـی ئۆكتۆبەر راستیەكان روونتر دەركەوتن بە بێ ئەوەی ئەولایەنە كوردیانەی لە رابردوو هاوئاوازی سیاسیان بوون و ئێستاش هاوكاری سەربازییانن دژ بە كوردستان لێی تێگەیشتبن, ئەمڕۆ سەركردەكانیان دان بەوە دەنێن كە لە عێراق ئەگەر لەگەڵ تەوژمی دژە بارزانی نەبیت توشی كێشە دەبیت, ئەمە مانای ئەوە نییە ئەوان لەسەرهەق و بارزانی ناهەق, بەلكو تێگەیشتنێكە سەرچاوەی لەو فەرهەنگە وەرگرتووە كە مەزهەبی شیعەی پێ گۆشكراوە, بەڵام بەشێكی كۆمەڵگای كوردی بە تایبەت گۆڕان و یەكێتی لێی بێ ئاگان.
لە رابردوو سێرە گرتن لە بارزانی لە لایەن میدیاكانی گۆڕان و یەكێتی, هەمان ئەو تەوژمەیە یان رێك ئەو بابەتەیە كە عزەت شابەندەر سیاسەتكاری شیعەو پەرلەمانتاری پێشوو, لە دیدارێكی میدیایی دانی پێ دادەنێت كە بارزانی لە شەقامی عێراق و ژێر دەسەڵاتی گۆڕان و یەكێتی، وەك عومەری كوری خەتابی لێهاتووە، لەتەك ئەو دژایەتیە مێژوویە ناو ناكۆكیەكانی سوونە و شیعە ناوی بارزانی دێت، لەئێستادا بۆتە كەلتوورێكی كۆمەڵایەتی و دینی كە دەبێت هەر میدیایەك دژی بارزانی قسە بكات، ئەوەش تەوژمێكە لەدەرەوەی عێراق هاوردەدەكرێت.
دژایەتی بارزانی ئەگەر بەشێكی پەیوەندی بە كارێزمای و خەباتی بێ پسانەوەی رزگاری خوازی كوردەوە هەبێت كە بۆ هەموو كارێزماكانی دیكەی جیهان ئەو دژایەتیە وجودی هەبووە, ئەوا بەشێكی زۆری دژایەتیەكانی گۆران وبەشێك لە یەكێتی بۆ بارزانی پەیوەندی بەو بێ ئاگایەوە هەیە كە لە راستیدا كەوتونەتە نێو بازنەی مەزهەبی شیعە تەنها ئاراستەیاندەكەن و بێ ئاگان لەوەی ئەگەر تا ئەمڕۆ هەمان مەزهەب بە ناوی سیاسەتەوە ئەوانیان قبوڵ بێت كە مەبەستەكانیان پێ وەدی دێنن گومانی تێدانیە سبەی بەهۆی جیاوازی مەزهەبیەوە رەتدەكرێنەوە و ئاوتدەكرێن.