حكوومەتی هەرێم: وەڵامی حكومەتی عێراق دەداتەوە
گوتەبێژی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی لێدوانەكانی حەیدەر عەبادیدا دەڵێ بە پشت بەستن بە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەبێت بڕیارەكانی كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، سزادانی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق، داخستنی فڕۆكەخانەكان هەڵبەوەشێندرێنەوە.
سەفین دزەیی لە لێدوانێكیدا بە ماڵپەری حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند: “بە پشتبەستن بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عیراق لە 20/11/2017، دەبێت هەموو ئەو ڕێكار و دەرەنجام و لێكەوتە ناڕەوایانە هەڵبوەشێنرێنەوە كە تەنیا لە كاردانەوەی ڕیفراندۆمدا دژی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی فیدراڵ و پەرلەمانی عیراقەوە گیراونەتە بەر، وەك كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، سزادانی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق، داخستنی فڕۆكەخانەكان و هەموو ئەو بڕیارانەی دیكەش كە ڕۆژی 27/9/2017 تەنانەت بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵیش، وەك كاردانەوە لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە دژی خەڵك و هەرێمی كوردستان دەركراون”.
لەبارەی پێشمەرگەشەوە، دزەیی گوتی: “پێشمەرگە هێزێكی دانپێدانراوی دەستوورییە، لە شكاندنی داعش و پاراستنی وڵاتدا لەگەڵ هێزە عیراقییەكان لە پرۆسەی ئازادكردنەوەی مووسڵدا ڕۆڵی سەرەكی بینیوە، پێشمەرگە نەبووایە لە شەڕی دژی داعشدا، كەركووك و زۆر ناوچەی دیكەش بە هەمان دەردی مووسڵ دەچوون. پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا (1,802) شەهید و (10,233) بریندار و (62) ونبووی هەیە. كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خودی عەبادیش چەندین جار ستایشی ڕۆڵی هاوكاری و پاڵپشتی و هەماهەنگیی پێشمەرگەیان لەگەڵ سوپای عیراقدا كردووە، بۆیە دەبێ هەموولایەك هەر بەم شێوەیە لە پێشمەرگە بڕوانن و مافە دەستوورییەكانی دابین بكەن، كە بەداخەوە تا ئێستا حكوومەتی فیدراڵ هیچ ساڵێك مووچەكانی نەداوە، لە كاتێكدا بەپێی دەستوور پێشمەرگە بەشێكە لە سیستەمی بەرگریی عیراق و دەبێ مووچە و شایستە داراییەكانی لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە دابین بكرێت”.
سەبارەت بە پرسی ناردنی مووچەش بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، كە چەندین جار لەلایەن عەبادییەوە باس كراوە، گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە: “عەبادی چەندین جار گوتوویەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هەمیشە دووپاتی كردۆتەوە كە ئامادەیە بۆ ئەم مەبەستە هەموو هەماهەنگییەكی پێویست بكات، بەڵام لە ڕاستیدا ئێستا هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە نەنراوە، ئەوان تەنانەت ئامادە نین لیستی بایۆمەتریی مووچەخۆرانیش لە هەرێم وەربگرن، بۆیە ئیتر خەڵكی كوردستان گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی كە بابەتی ناردنی مووچە لەلایەن حكوومەتی عیراقەوە بە هیچ شێوەیەك جددی نییە، بەڵكوو تەنیا قسەیە و هیچی تر”.
لە كۆتاییدا لەبارەی ناوهێنانی هەرێمی كوردستان بە پارێزگاكانی باكووری عیراق و ناوەكانی دیكەوە لەلایەن عەبادییەوە،سەفین دزەیی ڕایگەیاند: “ناوهێنانی هەرێمی كوردستان بە هەر ناوێكی دیكەی داتاشراو، بە ئاشكرا نادەستوورییە و ڕەتیدەكەینەوە، گەلی كوردستانیش بە هەموو لایەن و پێكهاتەكانییەوە، هاودەنگن لەسەر پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و قەت سازشی لەسەر ناكرێت”.