ئەوەی لە نێو حكومەتی عێراق روویداوە پێشوتر لە جیهان وێنەی نەبووە

 

لە جیهاندا هەندێك جار وڵاتان رووبەڕووی پێكهێنانی حكومەتی كار بەڕێكەر دەبنەوە، بەڵام دەگمەنە لە هیچ وڵاتێكدا ئیدارەدانی زۆربەی پۆستەكانی حكومەت بەشێوەی وەكالەت بەڕێوەببردرێن، شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات و حكومڕانیكردن لە عێراق سەرجەم پێوەرەكانی تێپەڕاندووە، بەشێوەیەك زیاتر لە 90% ی پۆستە ئیدارییەكان بە وەكالەت بەڕێوەدەبردێن.

ساڵی 2015 حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بەمەبەستی پاككردنەوەی دامودەزگاكانی حكومەت لە گەندەڵی هەڵمەتێكی چاكسازیی دەستپێكرد، بەڵام هەڵمەتەكەی عەبادی بووە دەرچەیەك بۆ زیادبوونی رێژەی گەندەڵییەكان، چونكە ئامانجی حكومەت تەنیا پەراوێزخستنی كورد و سوننە بوو، نەوەك ئەنجامدانی چاكسازیی.

دامەزراندنی پلەی وەزیفی لە عێراق لە دوای ساڵی 2013 بەڕێژەیەكی زۆر زیادی كردووە، بەجۆرێك ئێستا 5000 هەزار پلەی وەزیفی تایبەت لە عێراق هەن و90% دامودەزگاكانی حكومەت بە وەكالەت بەڕێوەدەبردرێن، هەروەها 715 پلەی بریكاری وەزارەت و 450 پلەی دیكە وەكو بەڕێوەبەری گشتی دامەزرێندراون.

دوای دەستپێكردنی پرۆسەی پەراوێزخستنی كورد و سوننە لەلایەن دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراق لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2014, 200 پۆستی حكومی بە وەكالەت بەرێوەدەبردێن، لە ساڵی 2015 – 2016 بەڕێوەبردنی پۆستەكان بەوەكالەت زیادیكرد و 50 پۆستی دیكەش بەوەكالەت بەڕێوەبردران.

جگە لە هەندێك پۆستی ئیداری, لەسەر ئاستی وەزارەتەكانیش هەریەك لە وەزارەتەكانی دارایی، بازرگانی، پیشەسازی و 32 دەستەی سەربەخۆ بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێن، لەنێویشیاندا هەریەك لە دەستەكانی شەهیدان، زیندانیان، حەج و عومرە و وەبەرهێنان هەن.

هەرچەندە سەرۆكوەزیرانی عێراق چەندینجار بەڵێنی دابوو، ئەو پۆستانە بە كەسانی تەكنۆكرات پڕبكاتەوە، بەڵام بەڵێنەكەی تەنیا قسەیەك بوو و لێوارەكانی ژووری بڕیاردانەكەی لە ئەنجوومەنی وەزیران تێپەڕ نەكرد.

Back to top button