سونە هاتنە پاڵ كورد دەنگ بە یاسای بودجە نادەن
دوای ئەوەی كورد ناڕەزایەتی دەربڕیی بەرامبەر پڕۆژە یاسایی بودجەی عێراق بۆ سااڵی 2018, ئەمڕۆ چەند فراكسیۆنێكی سونە رایانگەیاند كە ئەگەر بە پێی خواستی ئەوان پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاسایەكەدا نەكرێت ئەوان دەنگ بە یاساكە نادەن, سەرۆكی فراكسیۆنی (حل) رایانگەیاندووە, سونەكان تێبینییان لەسەر بودجەی 2018ی پارێزگا ئازادكراوەكانی دەست داعش هەیە.
محەمەد كەربولی، سەرۆكی فراكسیۆنی (حل) لە پەرلەمانی عێراق، كە یەكێكە لە فراكسیۆنەكانی عەرەبی سونە، ڕای گەیاند: “فراكسیۆنی هێزەكانی عێراق (سونەكان) تێبینییان لەسەر بودجەی پارێزگا ڕزگاركراوەكان هەیە”.
جەختیكردەوە، كە بەهۆی ئەوەی پارەیەكی كەم بۆ ئەو پارێزگایانە تەرخان كراوە، پێدەچێت لە كاتی خستنە دەنگدانەوە، دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2018 نەدەن.
كەربولی بەپێویستی زانی، چاو بە بودجەی ناوچە تازە ڕزگاركراوەكاندا بخشێندرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن ژێرخانی ئەو شارانە ببووژێننەوە و ئاسایش و سەقامگیرییان بۆ بگەڕێتەوە، گوتیشی: “ئەو ناوچانە تووشی كێشەیەكی گەورە دەبن گەر بودجەكەیان بۆ زیاد نەكرێت”.
سەرسوڕمانی خۆیشی نیشاندا لەوەی حكوومەتەكەی عەبادی تەنها 14 ملیۆن دۆلاری بۆ پارێزگای ئەنبار تەرخان كردووە، دەشڵێت: “ئەو پارەیە بەشی چاككردنەوەی جادەكانی ناكات”.
پێش لایەنە سونەكان، فراكسیۆنە كوردستانییەكان، ڕەخنەی توندیان لە عەبادی گرت لەوەی بودجەی هەرێمی كوردستان لە 17%ەوە بۆ 12.67 كەم كردووەتەوە، هەر بۆیە بڕیاربوو، گەر بودجەی هەرێمی كوردستان كەم بكەنەوە، دەنگ بە یاساكە نەدەن و رەنگە لە پرۆسەی سیاسیش بكشێنەوە.