حەشدی شەعبی هەوڵی لادانی بەرپرسێكی یەكێتی لە پۆستەكەی دەدەن
دوای داگیركردنی كەركووك و خورماتوو, وەدەرنانی خەلكی سڤیڵ و سوتاندن و تەقاندنەوەی ماڵ و خانووەكانیان, لە ئێستادا لە هەوڵی شار بەدەر كردنی تەواوی كورد دەدەن بۆ ئەم مەبەستە دەستیان داوەتەوە پرۆسەی پاكتاوی نەژادی شارەكە لە دواهەمین هەولیشیان , هەوڵی لادانی لە پۆستەكەی و دانانی كەسێكی سەر بە پێكهاتەی توركمان لە جێگەكەی، دەدەن.
شەلال عەبدول، قایمقامی خورماتوو ڕایگەیاندووە: “ھەوڵێك لە لایەن بەشێك لە توركمانەكانی خورماتووەوە ھەیە بۆ ئەوەی لە پۆستەكەمم دوور بخەنەوە و كەسێك لە نەتەوەی توركمان بخەنە جێگەكەم، بۆ ئەوەش لە ڕێگای ئەنجومەنی قەزا و حكوومەتی ناوەندییەوە ھەوڵەكانی خۆیان خستووەتە گەڕ، بەڵام پێموایە پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لەگەڵ ئەوەدانین ئێستا گۆڕانكاری لە پۆستی قایمقامی خورماتوودا بكرێت”.
قایمقامی خورماتوو باس لەوەش دەكات كە ڕۆژێك دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر مۆڵەتی بە نووسراوی فەرمی وەرگرتووە و تا ئێستا ئەو قایمقامی یاسایی خورماتووە، دەشڵێت: “بە پێی ڕێككەوتن پۆستەكانی خورماتوو بەسەر ھەر سێ نەتەوەی كورد، عەرەب و توركماندا دابەش كراوە، بەڵام لە دوای ڕووداوەكانی ئەم دوایەوە، سەرۆكی ئەنجومەنی قەزا لە كارەكەی لابراوە و بەڕێوەبەری فەرمانگەكان فشاریان خراوەتە سەر بۆ ئەوەی بەردەوامبن لەسەر وەرگرتنی مۆڵەت”.
ڕوونیشی كردەوە حكوومەتی ناوەندی بەرپرسیاری سەرەكی ئەم ڕووداوانەیە، چونكە ھەر گۆڕانكارییەك كە دەكرێ دەبێت بە پێی یاسابێت، دەشڵێت: “حكوومەتی عێراق یاسا و دەستوور بە پێی بەرژەوەندی خۆی شی دەكاتەوە”.