گۆڵەكە نێچیرڤان بارزانی كردی
رێبوار كەریم وەلی
ئەگەرچی پارتی و بەتایبەتیش خودی بارزانی، هەر لەدوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانییەوە هەوڵیان دا مەرجەعیەت و بڕیاری یەكێتی لای بنەماڵەی تاڵەبانی و ماڵی ئیبراهیم ئەحمەد بمێنێ و لەوەشدا، درێغییان نەكرد لە ئیهمالكردن و پەراوێزخستنی باڵی ریفۆرم، كەچی لە چەند هەفتەی رابردوودا، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد تەنانەت پێشنیازی دانیشتنی دووقۆڵی لەگەڵ بارزانی رەتكردبووەوە! ئەم هەڵوێستەی “گرووپی پاوانخواز” و پاشان شێوەی یادكردنەوەی 31ی ئاب لە میدیاكانی یەكێتییەوە، رەنگبێ كۆتایی بە هەموو چاوپۆشییەكانی جاران هێنابێت لەلایەن پارتییەوە.
پتر لە دوو ساڵە نەوتی كەركووك بە تانكەر دەچێتە ئێران و داهاتەكەی دیار نییە، نە سامانە سروشتییەكان ئاگای لێیە و نە پارێزگاری كەركووكیش كە چاوی لە پەترۆدۆلاری كوردستانە بۆ دابینكردنی بودجەی شارەكە! بۆیە ئەگەرچی دوای رێككەوتنی 17ی مایسی نێوان گۆڕان و یەكێتی (كە پارتی بە رێككەوتنی میراتگرەكانی برایم ئەحمەدی دەزانێ)، پارتی لە گرووپی پاوانخواز نائومێد ببوو، بەڵام هێشتا وایدەزانی ئومێدێك ماوە، كە دیتی نەماوە، ئینجا نێچیرڤان بارزانی بە مانۆڕێكی سیاسییانەی خێرا گەیشتە بەغدا و بە موبارەكەی ئەمریكا لەسەر چۆنیەتی فرۆشتنی نەوتی كەركووك لەگەڵ عەبادی گەیشتە رێككەوتن و ئەو سەرچاوە نادیارەی داهاتی لەو گرووپە بڕی.
رەنگبێ ئەو كارە، خاڵی وەرچەرخان بێت لەوەی كە جورئەتی دابێتە باڵی ریفۆرم (یان بە تەعبیری ئێستایان، ناوەندی بڕیار) كە بزانن بەرامبەرەكەیان كارتەكانی خەریكە كۆتاییان دێت.(تەنانەت كارتی هێنانەوەی مام جەلالیش بەو پەلەپڕووزێیە نەیخوارد!). ئەڵبەتە ناوەندی بڕیار زۆر هۆكاری دیكەی هەبوون كە بەم شێوەیە بیەوێ دەست بەسەر بڕیاری یەكێتیدا بگرێ، بەڵام گەورەترین گرفتی ناوەندی بڕیار ئەوە بوو كە پارتی قەت پشتی ئەوانی نەگرت و هەمیشە ئامادە بوو بە قەولی فارس:”مارێك لەناو باخەڵی خۆیدا پەروەردە بكات.”
پێویستە پارتی لە سەنگ و قورسایی، پێگەی جەماوەری و سەربازیی ناوەندی بڕیار تێبگات (كە زۆربەی سەركردایەتی سەربازیی ناو یەكێتی لەناوەندی بڕیاردان) و مامەڵەیان لەگەڵدا بكات. بۆ ئەوەش هیچی تێناچێت ئەگەر وەفدێكی مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانیان بكات و تێبگات لەوەی بە چ میكانیزمێك دەتوانن رێككەوتنێكی تازە لەگەڵ یەكێتی ئیمزا بكەن و چۆن پەرلەمان كارا بكەنەوە و چۆن بە پۆستەكاندا بچنەوە.
كێ باوەڕی بە مام جەلالە؟
(2)
چ “گرووپی پاوانخواز” و چ “ناوەندی بڕیار”، لە گوتار و لێدوانەكانیاندا، چەند دەستەواژەیەك بەكاردێنن، یەكەمیان “یەكێتیی ناو یەكێتی”یە كە زۆر كۆنە و مێژووەكەی لەگەڵ یەكێتی دەست پێدەكات، ئامانجێك كە چل ساڵە بەدی نەهاتووە! دووەمیان پابەندبوون بە پەیڕەو و پرۆگرام كە ئەویش لە مێژووی یەكێتییەوە تا ئێستا، قەت مام جەلال پابەندی نەبووە، تا ئەمڕۆ میراتگرەكانی پابەندی بن و، ئەوەش سەرچاوەی ئەو هەموو ئینشیقاقاتەیە كە لەناو یەكێتیدا تا ئێستا بە حزووری مام جەلال روویانداوە.
هەر دوور نەڕۆین، هەمووی دە ساڵ پێش ئێستا بوو كە كاك كۆسرەت و كاك نەوشیروان داوای بەرزەوتكردنی دەسەڵاتەكانی مام جەلال و تەنانەت لاچوونیشیان دەكرد! تەنانەت كۆنگرەی سێیەم (كە هەنگاوی بە بنەماڵەكردنی یەكێتی بوو) لە 2010دا، نەیتوانی ناكۆكی و ململانێكان پەردەپۆش بكات، بگرە قووڵتری كردنەوە. ئینجا رێبازی مام جەلال و گێڕانەوەی قورسایی بۆ یەكێتی! ئەوەش دەستەواژەیەكی عەوام فریوانەیە كە رێبازی مام جەلال لەگەڵ مام جەلال كۆتایی هاتووە، ئەوەی ماوەتەوە میراتی مام جەلالە، ئایا دەتوانن لەسەر دابەشكردنی رێكبكەون یان نا؟ چەند رێبازی مەلا مستەفا بارزانی لەناو بەرپرسانی پارتیدا ماوە، هێندەش هی مام جەلال لەناو یەكێتیدا دەمێنێ.
رێككەوتنی 17ی مایس، كە بنگەكەیان بە رێككەوتنی دەباشانی نێوان نەوشیروان مستەفا و مام جەلالەوە بەستەوە، رێككەوتنێكی تەواو تاكتیكی بوو، هەركەسە لە گۆشەنیگایەكەوە، بەڵام بە رێبازی مام جەلالەوە خۆی تێپەستابوو، باڵی ریفۆرمی ئەوكات پێیانوابوو كە بەو شێوەیە دەتوانن دەسەڵاتەكانی بنەماڵەكانی تاڵەبانی و برایم ئەحمەد بەرزەفت بكەن و، گۆڕانیش لەبن باری قەرزەكانی و گۆشەگیریی سیاسی بێتە دەرەوە. تەنیا قەرزەكان درانەوە، بەس دەرچوو موعامەلەكە هەر ئەوە بووە كە لە نێوان هێرۆ برایم ئەحمەد و نەوشیروان مستەفادا كراوە، ئەوەی دیكە هەموو ئینشا بووە و هیچ رێبازێكیش لەگۆڕێ نەبووە.
ناوەندی بڕیار بڕیار بدات
(3)
بەیاننامەكەی ناوەندی بڕیار، جگە لە پێشەكییەكەی كە دزینی نەوت، رێككەوتنی ژێربەژێر و برسیكردنی خەڵكی كوردستان لەسەر گرووپێكی پاوانخواز و یەكێتی دەكاتە ماڵ، ئەوەش رادەگەیەنێ كە ئەوان میراتگری شەرعیی تاڵەبانین، نەك بنەماڵەكەی. بەڵام كە دەگاتە سەر خاڵەكانیان، زۆربەیان لاستیكین (سیاسیانە نووسراون) و ئەوەش ئەوە دەردەخات كە كێشەكانی یەكێتی كێشەی فكر و روانگای سیاسی نییە، بەقەدەر ئەوەی كێشەی شەخسین و مەبەست لێیان دەسەڵاتە.
چوار خاڵی یەكەم پەیوەستە بە ململانێی بڕیاردان و پێنج خاڵەكەی دیكە، هەر یەكەیان نەقسێكی تێدایە، یەكگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان! رێككەوتن لەگەڵ پارتی كە لە رابردوودا، هەوێنی كێشەكانی یەكێتی بووە، چۆن دەبێ؟ ئایا توانای پێداچوونەوە بە هەیكەلی حكومەتیان دەبێ (كە پەیوەستە بە جۆری رێككەوتنیان لەگەڵ پارتی)؟ ناوەندی بڕیار دەبێ پێشوەختە ئەو جورئەتە سیاسییەی خۆی كە پشتئەستوورە بە پێشمەرگەی یەكێتی، لە خۆی نیشان بدات و نەبێتەوە ئەو گرووپەی كە لە هەولێر دەسەڵات و لە سلێمانی ئۆپۆزیسیۆن بن.