لە خورماتوو جینۆساید بەردەوامە, 50ماڵی كورد تەقێندراونەتەوە, 200ی تریش تالان و سوتێنراون
دوای داگیركردنی خورماتوو كەركووك لە لایەن سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی بە هاوكاری گرووپێكی خیانەتكاری یەكێتی, تا ئیستا 8 هەزار خێزان كە لە 47 هەزار كەس پێكدێن، بەزۆر ئاوارە كراون و لە ماڵەكانیان وەدەر نراون”.
لەم بارەیەوە بێستوون ژاڵەیی، بەرپرسی بەشی كاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان، ڕایگەیاند: “لەو چەند ڕۆژەدا كە كار لەسەر لایەنی مرۆیی كاولكاریی خورماتوو و دەرپەڕاندنی خەڵكەكەی دەكەم، زیاد لە چەندجار گوتوومە ئەوەی لەو شارە ڕوویداوە زۆربەی ڕەگەزەكانی جینۆسایدی تێدایە و ئەنفالێكی بچووكە و یەكەم جارە لەمێژوودا ئەو شارە لە كورد خاڵی بكرێتەوە و 8 هەزار خێزان كە لە 47 هەزار كەس پێكدێن، بەزۆر ئاوارە كراون و لە ماڵەكانیان وەدەر نراون”.
ئەو بەرپرسە گوتوشیەتی: “ئەوەی لە خورماتوو ڕوویداوە پێویستی بەدۆكیۆمێنتكردنێكی ورد و زانستی و خێرا هەیە، ئەوەشم لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەزۆر بەرپرس و پەیوەندیداری عێراق و كوردستان و بەرپرسان و نوێنەرانی خەڵكی خورماتووش گووتووە و لەگەڵ زۆر شارەزاشدا كارم بۆ كردووە و بەردەوامیشم”.
هەروەها لەبارەی دوایین ئاماری كاولكارییەكانی ئەو شارە بەدەستی میلیشیاكانی حەشدی توركمانی ئاشكرای كرد: “بەهۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، لە شارۆچكەی خورماتوو 10 كەس شەهید بوون، كە بریتین لە 2 پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و 4 كارمەندی پۆلیسی فریاكەوتن و كارمەندێكی ئاسایش و 3 هاووڵاتی، 115 هاووڵاتیی دیكەش بریندار بوون و لە نەخۆشخانەكانی هەرێمدا چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە، هاوكات 41 پێشمەرگە و هاووڵاتیش بەدیل گیراون و دواتر بە هەوڵی زۆر ئازاد كراون، پاش ئەوەی لەلایەن میلیشیاكانەوە جۆرەها ئەشكەنجەی قورس و دڕندانە دراون و هەندێكیان سووكایەتیی مەترسیداری ئەخلاقییان پێ كرا”.
ژاڵەیی ئاماژەی بەوەشدا: “لەپاش ئاوارەبوونی خەڵكی شارەكەوە، 50 ماڵ و مۆڵی بازرگانی و بارەگای حزبی لەو شارۆچكەیە تەقێنراوەتەوە و 2 هەزار ماڵ و دوكان و تەلاری بازرگانی و 21 ڕێستۆرانت و كارگەی هاووڵاتییانی كورد تاڵان كراون و سووتێنراون”.
بەرپرسی بەشی كاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان، ئەوەشی گوت: “هەر لەو شارۆچكەیەدا 5 ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی كوردی تاڵان كراون و 156 ئۆتۆمبێلی تایبەت و تراكتۆر و بارهەڵگر و تانكەر تاڵان كراون و 32 مۆلیدەی ئەهلی هاووڵاتییانی كوردی شارەكە بەتاڵان براوە و قایمقامیەت و 9 فەرمانگەی تری قەزاكەش وێران و تاڵان كراون”.