فەرماندەیەكی پاسداران: بەڵێنی ئیمام خومەینیمان لە عێراق و سووریا بەجێهێنا

محەمەد رەزا یەزدی، فەرماندەی فەیلەقی محەمەدی سەر بە سوپای پاسداران رایدەگەیەنێت، بە درووستكردنی ئەو هەموو هێزەی كە لەسەر بنەمای بەسیج دامەزراون و لە 6 دەوڵەتی ئیسلامیی جیاواز پێكهێنراون و لە عێراق و سووریا كۆبوونەتەوە، بەڵێنی ئیمام خومەینیان بەجێهێناوە.

هەروەها رایگەیاند، ئەو هێزانە لەسەر بنەما و بیروبۆچوونی بەسیج دامەزراون و گواستنەوەی ئەو بیرۆكەیەش، سەركەوتنی بەدەستهێناوە.

یەزدی، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی “فارس” رایگەیاند، توانیومانە بەڵێنی ئیمام خومەینی بەجێبهێنین و بیرۆكەی هێزی بەسیج بڵاوبكەینەوە و هێزێكی وا لە سووریا و عێراق كۆبكەنەوە، كە لە شەش وڵاتی جیاوازەوە هاتوون.

روونیشی دەكاتەوە، توانیویانە چەكدارێكی زۆر لە وڵاتانی دیكەشەوە بهێننە ریزی ئەو میلیشیایانە و رایگەیاند، ناتوانن ناوی وڵاتەكان بهێنن چونكە كێشەیان بۆ درووست دەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو چەكدارانە بەیعەتییان بە “سەركردەی شۆڕش” داوە و تا كۆتاییش بە خۆڕاگری دەمێننەوە.

یەزدی راشیگەیاند، فەیلەقی تاران لە 98 كەتیبە پێكدێت، بەیتولمەقدیس 96 كەتیبە، كەوسەر 10 كەتیبەی ئەمنی و 10 كەتیبەی فاتحین كە ژنان و پیاوان لە خۆ دەگرێت و چەندین كەتیبەی ئیمام حوسێن و ئیمام عەلی، هەموو ئەمانەش ئامادەن بەرگری لە شۆڕش و ئیسلام بكەن.

یەزی ئاماژەی بەوەش كردووە، شوێنكەوتەكانی تاران، ئامادەن هەموو ئەركێك لە ناوخۆی ئێران، یاخود هەر شوێنێكی دیكەی جیهان ئەنجام بدەن، دووپاتیشیكردەوە ئەو هێزانەیان چەندین “شەهیدیان” لە پێناو بەرگریكردن لە پیرۆزییەكان بەخشیوە و ئێستاش سەرقاڵی كاری كولتووریین لە سووریا.

لە ئێستادا ئێران، زیاتر لە 200 هەزار چەكداری لە چوارچێوەی گرووپی میلیشیای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڵاوبكاتەوە و بەهۆی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ و ئەنجامدانی تاوان لە دژی مرۆڤایەتی، چەند گرووپێكیان خراونەتە لیستی سزا و تیرۆری ئەمەریكا.

Back to top button