بەرپرسێكی یەكێتی: هێنانی هێزی دەرەكی بۆ سەر خاكی كوردستان خیانەتە
دوای ئەوەی بە هاوكاری گرووپی خیانەتكارانی یەكێتی, سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی بەشێكی خاكی كوردستانیان داگیر كرد لە نێوانیدا قەزای خورمات و پارێزگای كەركووك بوون, جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە خورماتوو دەڵێت هەر هێزێكی كوردستانی هێزی دەرەكی بهێنێتە سەر خاكی كوردستان بە خیانتی نیشتمانی لەقەڵەم دەدرێت.
حەسەن بارام، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە خورماتوو ڕايگەیاند: “لە خورماتوو تاوانی جەنگ ئەنجامدراوە و ئەو جەنگەش جەنگێكی نابەرامبەرە كە تێیدا جینۆساید و ئەنفالی خەڵك كراوە، هەموو جۆرە چەكێكیان بەكارهێناوە، دوو هەزار ماڵ تاڵان كراون و سوتێنراون، نزیكەی 70 ماڵ تەقێنراونەتەوە، دەیان هاووڵاتیی برینداربوون و زیاتر لە 11 هاووڵاتی شەهیدبوون، 19 كارگە و چێشتخانە تاڵان كراون، زیاتر لە 50 هەزار هاووڵاتی ئاوارە بوونە، هەروەها لە ڕووداوەكاندا دەستدرێژی كراوەتە سەر ئابڕوو و كەرامەتی كورد و تەرمی شەهیدەكانیش شێوێنراون و بەناو شاردا ڕاكێشراون و سووكایەتی بە ئاڵای كوردستان كراوە”.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی گوتیشی: “هەرچەندە من هیچ بەڵگەیەكم لەبەردەستدا نییە كە هێزێكی دیاریكراو، هێزی عێراقی پەلكێش كردبێ، بەڵام هەر هێزێكی كوردستانی دەستی هەبێ لەوەی هەر هێزی دراوسێمان بهێنێتە سەر خاكی كوردستان و نەتەوەكەمان بێگومان ئەوە دەچێتە خانەی خیانەت و خیانەتی نیشتمانی”.
ڕوونیشی كردەوە كە حەیدەر عەبادی بەرپرسی یەكەمە لەم ڕووداوانەی بەسەر ناوچە كوردستانییەكاندا هاتوون، چونكە بە پێی دەستوور بۆی نییە كە هیچ هێزێك بەكار بهێنێت دژ بە گەلەكەی.