له‌سه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ی فه‌رمانی پاشه‌كشه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كێشه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان بنه‌ماڵه‌ی جه‌نگی و تاڵه‌بانی

پاش ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك به‌ناو واژووی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاو كرایه‌وه‌، كێشه‌ كه‌وتۆته‌ نێوان بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و جه‌نگی به‌وه‌ی ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌ له‌ تۆڕه‌كان بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ گۆمان ده‌كرێت هه‌ر بنه‌ماڵه‌ی جه‌نگی بڵاویان كردبێته‌وه‌، چونكه‌ به‌شێك له‌فه‌رمانده‌كانی سه‌ربازیی یه‌كێتیش، فه‌رمانی پاشه‌كشه‌یان له‌ بنه‌ماڵه‌ی جه‌نگی و كوره‌ گه‌وره‌كه‌ی تاڵه‌بانی( بافل تاڵه‌بانی) وه‌رگرتووه‌، ئه‌مه‌ش بۆته‌ كێشه‌ به‌وه‌ی هه‌وڵێكی زۆر هه‌یه‌ كه‌ فه‌رمانی پاشه‌كشه‌ی هێزه‌كانی یه‌كێتی له‌ كه‌ركووك هه‌م به‌ هێرۆخان ببه‌ستنه‌وه‌، هه‌میش بابه‌تی نامه‌كه‌ی هێرۆخان كه‌ بۆ عه‌بادی ناردبووی له‌باره‌ی نه‌وتی كه‌ركووك، بیر خه‌ڵك بهێنه‌وه‌ دۆخی كه‌ركووك و خیانه‌تی كه‌ركووك بخنه‌ ئه‌ستۆی خاتوو هێرۆخان”.

پێشتر خواكوڕك به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی به‌واژوو و ناوی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بڵاو كرده‌وه‌، كه‌ تێیدا فه‌رمانی پاشه‌كشه‌ی به‌هێزه‌كانی یه‌كێتی( له‌ میحوه‌ری یه‌ك و دوو و سێ و چوار) له‌ كه‌ركووك كرابوو، كه‌ به‌پێی رێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ( حكومه‌تی عێراق و حشدی شه‌عبی به‌چاودێری سوپای قودس) روونكرابویه‌وه‌، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ رایگه‌یاندبوو، كه‌ فه‌رمانده‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ یه‌كه‌ی 70ی یه‌كێتی، چه‌ند جارێك فه‌رمانیان پێكرابوو كه‌ پاشه‌كشه‌ بكه‌ن له‌رێگای ( ته‌له‌فۆنه‌وه‌) له‌لایان بافل و ئاراس و لاهور جه‌نگی” به‌ڵام فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ نه‌بوون، پاشه‌كشه‌ بكه‌ن، تا به‌ره‌به‌یانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، كه‌ له‌لایان لاهور و بافل، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك به‌واژوو و ناوی هێرۆ بۆ هه‌رچوار میحوه‌ری یه‌كێتی له‌كه‌ركووك هات و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌یه‌كه‌ی حه‌فتا پاشه‌كشه‌یان كرد” واتا به‌ڵگه‌نامه‌كه‌، كه‌ به‌واژووی هێرۆ خان و ناوی ئه‌و هات بۆیه‌ پێشمه‌رگه‌ پاشه‌كشه‌ی كرد”.

سه‌رچاوه‌یه‌كی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی و نزیك له‌ خاتوو هێرۆخان”كه‌ پاش بڵاو كردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ ” تێیدا فه‌رمانی به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌رچوار محیوه‌ر كردووه‌” قسه‌ی بۆ خواكوڕك كرد، گوتی، ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ی كه‌ ئێوه‌ بڵاوتان كردۆته‌وه‌، ساخته‌یه‌، گوتی، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هێرۆخان ئاگاداری قه‌باره‌ی ئه‌و پیلانگیریه‌ دژ به‌یه‌كیتی و كه‌ركووك نه‌بووه‌، كه‌ له‌لایان كوره‌ گه‌وره‌كه‌ی و بنه‌ماڵه‌ی جه‌نگی كراوه‌، هه‌روه‌ها گوتیشی، ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌و ئه‌و فه‌رمانه‌ تایبه‌ت و نهێنیه‌ به‌كلێشه‌و و واژووی خاتوو هێرۆ كراوه‌، له‌لایان كێوه‌ كراوه‌، ئامانج له‌ بڵاوكردنه‌وه‌شی بۆچیه‌؟ چونكه‌ خاتوو هێرۆ رووداوی پاش 16ی ئۆكتۆبه‌ر، ته‌نها به‌ فرۆشتنی كه‌ركووك، وه‌شاندنی گورز بۆ سه‌ر كوردستان نازانێت به‌ڵكو به‌ له‌ناو بردنی یه‌كێتی و كوده‌تا به‌سه‌ر یه‌كێتی ده‌زانێت، له‌ناو كۆبوونه‌وه‌كاندا، خاتوو هێرۆ هاوشانی بۆچوونی كاك كۆسره‌ت بووه‌، له‌وه‌ی ده‌بێت لێكۆلینه‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌ بكرێت، سه‌ره‌تاش له‌كوره‌ گه‌وره‌كه‌ی ده‌ست پێ بكات”.

سه‌رچاوه‌ی سكرتاریه‌تی مام جه‌لال كه‌ داوای كرد به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ی رابگرن، ئه‌و هه‌واڵه‌ زیاتر به‌ربڵاو نه‌بێت، گوتیشی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ له‌كاتێكدا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌رێز كاك قوباد تاڵه‌بانی، په‌یامێكی بۆ رای گشتی بڵاو كردۆته‌وه‌، له‌ په‌یامه‌كه‌دا هه‌وڵێكی بۆ كوده‌تا به‌سه‌ر یه‌كێتی ئاشكرا كردووه‌، قسه‌ی له‌سه‌ر رووداوه‌كانی كه‌ركووك و ره‌نجاندنی قاعیده‌ی یه‌كێتی كردووه‌، ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ته‌واوی بنه‌ماڵه‌ی خاتوو هێرۆ له‌ رووداوه‌كانی كه‌ركووك تێوه‌بگلێنن، چونكه‌ نه‌ خاتوو هێرۆ و نه‌ كاك قوباد ئاگاداری قه‌باره‌ی پیلانگیریه‌كه‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر دژ به‌یه‌كێتی و كه‌ركووك نه‌بوون”.

پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ ( په‌یچه‌كانی لاهور جه‌نگی و شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفره‌وان گوایه‌ وه‌ڵامی به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌، گوایه‌ ساخته‌ كراوه‌، نامه‌كه‌ی هێرۆخان، كه‌ بۆ عه‌بادی ناردوویه‌تی، له‌باره‌ی كه‌ركووك، له‌گه‌ڵی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌ك پێشووتر سه‌رچاوه‌كه‌ی سكرتاریه‌ت گوتی بڵاو كردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی هه‌مووی تێوه‌ بگلێنن له‌و پیلانگێریه‌ی كه‌ركووك، ئێستاش په‌یچه‌كانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ سه‌ر به‌ لاهور جه‌نگی و شانازن نامه‌كه‌ی هێرۆ له‌ته‌ك به‌ڵگه‌كه‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌”.

سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاگادار له‌ دۆخی یه‌كێتی و نزیك له‌ باڵی خاتوو هێرۆ، چه‌ند راستیه‌ك ئاشكرا ده‌كات و رایده‌گه‌ێنێت، پیلانگیری 16ی ئۆكتۆبه‌ر ته‌نها بافل تاڵه‌بانی له‌بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی به‌شداری كردووه‌، ئه‌ویش له‌ژێر كارتێكردنی ( بنه‌ماڵی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كه‌ پێكهاتوون له‌ ” شاناز و له‌تیف ره‌شید و هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د” له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی جه‌نگی به‌تایبه‌تی “لاهور و ئاراس جه‌نگی”) كوری گه‌وره‌ی تاڵه‌بانیان تێوه‌گڵاند كه‌ خاتوو هێرۆ ده‌یویست له‌ناو یه‌كێتی دا یه‌كێتی بۆ بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی بێت، واتا بۆ كوره‌كانی بێت، وه‌ به‌رنامه‌ی خاتوو هێرۆ بۆ داهاتووی یه‌كێتی به‌م شێوه‌یه‌ بووه‌، كه‌ كوره‌گه‌وره‌ی تاڵه‌بانی بافل له‌ناو حزبدا ببێته‌ كه‌سی یه‌كه‌م و كوره‌ دووه‌می قوباد تاڵه‌بانیش كاروباری ئیداری و حكومرانی بگرێته‌ ده‌ست، به‌ڵام بنه‌ماڵه‌ی جه‌نگی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كه‌زانیان به‌رنامه‌ی خاتوو هێرۆ ئه‌وه‌یه‌، بۆ یه‌كێتی و هیچ رۆڵێكیان نیه‌، كوره‌ گه‌وره‌ی تاڵه‌بانیان له‌و پیلانگیریه‌ دژه‌ كورد و یه‌كێتی تێوه‌گڵاندوو و له‌ئێستاشدا له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌ دان خاتوو هێرۆش له‌ خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر تێوه‌بگڵێنن و وا پێشانی بده‌ن كه‌ ئه‌و بریاره‌ی داوه‌، به‌ڵام به‌دڵنیایه‌وه‌، له‌ژێر ناوی خاتوو هێرۆ و واژووی خاتوو هێرۆ پاشه‌كشه‌ به‌ فه‌رمانده‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ میحوه‌ری  ( یه‌ك و دوو و سێ و چوار) كراوه‌، ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ش هه‌ر له‌لایان لاهور جه‌نگی و بافل تاڵه‌بانی ته‌زوویر كراوه‌ بۆ پاشه‌كشه‌ پێكردنی هێزی یه‌كه‌ی 70ی یه‌كێتی له‌ كه‌ركووك”.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌شلێ” پاش رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر دۆخی یه‌كێتی زۆر سه‌خته‌ و ده‌لێت، كاتێك بافل تاڵه‌بانی چوه‌ ناو ئه‌و پیلانگێریه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، له‌ئێستادا شه‌نسی له‌ناو یه‌كێتی دا زۆر كه‌م بۆته‌وه‌، خاتوو هێرۆ له‌ئێستادا هه‌وڵده‌دات قوباد تاڵه‌بانی بهێنێته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام بنه‌ماڵه‌ی جه‌نگی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، رێگا به‌وه‌ ناده‌ن و رۆژانه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌ دان كه‌ له‌رێگای كۆنگره‌دا ده‌ست به‌سه‌ر یه‌كێتی دابگرن، خاتوو هێرۆش به‌ڵكێشی ناو كاره‌كانی خۆیان بكه‌ن، یه‌كێتی بۆ به‌رژه‌وندی بازرگانی و شه‌خسی خۆیان ته‌سفیه‌ بكه‌ن”.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا خاتوو هێرۆ ئێستا وه‌ك جاران ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌می یه‌كێتیه‌، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌لێـ” نه‌خێر له‌ ئێستادا بنه‌ماڵه‌ی جه‌نگی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانیش ئێستا هه‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت یه‌كێتی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان یه‌كڵا بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام له‌ناو ئه‌و سێ بنه‌ماڵه‌یه‌ش ده‌سه‌ڵاتێكی به‌هێزتر له‌ناو یه‌كێتی دا هه‌یه‌، كه‌ ئێستا زۆر به‌هێز تریش بووه‌، ئه‌ویش بوونی كاك كۆسره‌ته‌، ئه‌ویش هاوهه‌ڵوێستی له‌ گه‌ڵ داده‌ هێرۆ له‌ بابه‌تی لێپێچینه‌وه‌ له‌ تاوانبارانی پیلانگێری 16ی ئۆكتۆبه‌ر به‌ڵام له‌باره‌ی به‌رێوه‌ بردنی یه‌كێتی بۆچوونی جیاوازی خۆی هه‌یه‌”.

 

به‌ڵگه‌نامه‌ی پاشه‌كشه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر
Back to top button