قادر حەمەجان:خەلكی خورماتوو جینۆساید دەكرێت و حەشدی شەعبی تاوانی جەنگ ئەنجامدەدات
دوای ئەوەی كەركووك و قەزای خورماتوو بە هاوكاری گرووپێكی خیانەتكاری یەكێتی لە لایەن سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی داگیركران, ئێستا هاوڵاتیانی كورد شاربەدەر دەكرێن و ماڵ و خانویان دەسوتێنرێ, بەرپرسێكی باڵای یەكێتی، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ نوێنەرێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕای دەگەیەنێت، ئەوەی لە خورماتوو ڕوویداوە، جینۆساید و تاوانی جەنگە و پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان لێكۆڵینەوە بكات.
بەپێی راگەیاندراوێك كە وێنەیەكی دەست (خواكوڕك)كەوتووە، قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ بەرپرسانی دۆسیەی ئاسایش لە نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە كوردستان، كۆبووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، حاكم قادر، ئەوەی خستووەتەروو، كە باشترین رێگا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دانوستان و گفتوگۆیە: “درێژەكێشانی كێشەكان مەترسی زیاتر دروست دەكات”.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی، بە نوێنەرەكەی نەتەوە یەكگرتووەكانی گوتووە: “ئەوەی لە خورماتوو روویداوە، جینۆساید و تاوانی جەنگە و پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكات”.
ئەندامەكەی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ئەوەشی ڕاگەیاندووە، كە: “رێوشوێن و بڕیارەكانی پەرلەمان و حكوومەتی عیراق بۆ سزادانی هەرێمی كوردستان لە دوای ریفراندۆم، پێچەوانەی دەستورو تەوافق و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكانی عێراقە”.
لە 16ی ئەكتۆبەری 2017، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەهاوكاری سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنان و چاوساغی گروپێكی نێو یەكێتی، دەستیان بەسەر شاری كەركووك و خورماتوو و خانەقین و چەند ناوچەیەكی تردا گرت، دواتر لەلایەن میلیشیاكانەوە ژمارەیەك هاووڵاتی كورد لە خورماتوو شەهید كران و سەدان خانووش تەقێنرانەوە.