وەزیری گواستنەوەی عێراق بە گەندەڵی تۆمەتبارە ئامادەی لێپرسینەوەی پەرلەمان نابێت
دوای ئەوەی بە تۆمەتی گەدەلی داواكراوە كە بڕیاربوو سبەینێ سێشەممە 28/ 11/ 2017 لە پەرلەمانی عێراقدا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت، وەزیری گواستنەوە ئامادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق نابێت.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پەرلەمانی عێراق، ڕای گەیاند: “بڕیاربوو لە دانیشتنی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا (كازم فنجان)، وەزیری گواستنەوەی عێراق ئامادە بێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت”.
ڕوونیشی كردەوە، كە هەرچەندە ماوەیەكە وادەی لێپرسینەوەكە دیاری كراوە، بەڵام وەزیرەكە ئامادەی دانیشتنەكە نابێت، گوتیشی: “وەزیری گواستنەوە، دوێنێ یەكشەمە بە گەشتێك گەیشتە وڵاتی ئۆكرانیا”.
لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەی پەرلەمان، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، ڕای گەیاند، بەتۆمەتی چەند دۆسییەكی گەندەلی، بڕیارە لە 28/ 11/ 2017 لێپرسینەوە لە كازم فنجان حەمامی، وەزیری گواستنەوەی عێراق بكرێت.