عومەر ئۆرەیی : كوشتنی كادرەكەی پارتی لە ئەستۆی پەكەكە دایە
درەنگانی شەوی شەممە لە دێرەلۆكی سەربە ناحیەی شیڵادزێ لە قەزای ئامێدی چەند چەكدارێكی نەناسراو دەستڕێژی گوللە لە دوو هاوڵاتی دەكەن ، یەكێك لەو هاولاتیانە كادری ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە بە ناوی ( بڵند عەبدی مایی ) و دەست بەجێ گیانی لە دەست داوە .
بەرپرسی لقی 18ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئامێدی بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند” ئەو ڕوداوە لە سنوری ئامێدی دروست بووە،پەكەكە لێی بەرپرسیارەو هەمووی دەخەینە ئەستۆی پەكەكە ، چونكە لە ماوەكانی ڕابردوو چەندین ڕوداوی هاوشێوە ڕووی داوە و دوبارە دەبنەوە و پەكەكە بە دەستی ئەنقەست ئەو ڕوداوانە دروست دەكات “.
هەروەها بەرپرسی لقی 18 ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئامێدی ڕاشیگەیاند ” پەكەكە ئەم ڕوداوانەی بۆ خۆیان كردووەتە نەریت و كلتور ، ئەمە چەندین حاڵەتی بەو شێوەیە ڕوی داوە ، پێش چەندێكیش لە چیای سگێری هاولاتییەكی تریان كوشت و لەسەر سنكێش هاوڵاتییەكی تریان كوشتووە “.
جێی ئاماژەیە (عومەر ئۆرەیی ) ڕووی قسەكانی لە پەكەكەیەو دەشڵێت ” ئەم كادرەی ئێمە شەهید بووە ، هیچ تاوانێكی نەبووەو هیچی نەكردووە و كێشەی لەگەڵ هیچ لایەنێك نەبووە ، ئەو هاوڕییەی كە لەگەڵیدا بووە پێشتر كادری پەكەكە بووەو ساڵانێكە لێیان جیابووەتەوەو لە سنوری دهۆك ژیانی خێزانی پێكهیناوە ، ئێمە بە پەكەكە دەلێین : خۆیان بە دوور بگرن لەم كارانەو دەستبەرداری ئەم جۆرە كارانە ببن ، چونكە هیچ خزمەتێك بە كورد ناكات “.