سەرۆك بارزانی لەگەڵ بەرپرسە سیاسی و ئیداری و حزبییەكانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین كۆبۆوە
ڕۆژی دووشەممە ٢٧ـی ١١ـی ٢٠١٧ لە سەلاحەدین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرس و كارگیڕانی لق و ناوچە و بەرپرسانی ئیداری و ئەندامانی پارلەمان و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری سلێمانی – هەڵەبجە و ڕاپەڕین كۆبۆوە. لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و بە وردی باسی ڕووداوەكانی دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و ئەو بارودۆخە ناخۆشانەی كرد كە بەسەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هاتووە و ڕایگەیاند كە گەلی كوردستان نەشكاوە بەڵكو خیانەتی لێ كراوە و ئەو دۆخەی بەهۆی ئەو ناپاكی و خۆسەپاندنەشەوە هاتۆتە ئارا كاتییە و ئیرادەی گەلەكەمان هەر سەردەكەوێت.
سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە ئێمە بەر لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمیش ڕامانگەیاند كە بەغدا دەیەوێ دەستكەوتە ڕەواكانی گەلی كوردستان نەمێنن و بمانگەڕێننەوە هێڵی سەوز كە هێڵی تەماسی نێوان پێشمەرگە و سوپای بەعس بوو، بۆیە ڕیفراندۆمیش نەكرا با ئەوان ئەو بەرنامەیان هەبوو و پیلان لەدژی كەركووك هەر لە ئارادا بوو، بەڵام ئەگەر ئەو ناپاكییەی ١٦ـی ئۆكتۆبەر نەكرابا ئەو پیلانە دژی كەركووك و كوردستان سەری نەدەگرت. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بۆ ئامادەبووان شی كردووە كە دۆخی خیانەت و داگیركاری و فەرزی ئەمری واقع بە زۆر و چەك، ناسنامەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناگۆڕێت و ئەم دۆخەی ئێستا كاتییە و سەركەوتن بۆ گەلی كوردستانە. ئێمە هەمیشە، ئێستا و پێشتریش گوتوومانە كە دەمانەوێ كەركووك و ناوچەكانی تر بكرێنە نموونەی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوە و پێكهاتەكان و فەرزی ئەمری واقع بە هیچ شێوەیەك قبوڵ ناكرێت.
سەرۆك بارزانی ئەوەیشی ڕاگەیاند كە ئێمە پشتگیریی گفتوگۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی بەغدا دەكەین و ئەگەر بەغدا بەڕاستی مەبەستی چارەسەری كێشەكان بێت ئەوە حكوومەتی هەرێم ئەوەندە هاتۆتە پێش كە بەغدا چیتر مەرجی تەعجیزی نەخاتە سەر ڕێگای گفتوگۆ.
لە كۆتاییشدا سەرۆك بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی جەماوەری پارتی لە دەڤەرەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و پشدەر كرد كە سەرەڕای ئەو فشارە زۆرەی لەسەریان هەیە بە ورەیەكی بەرزەوە لە خەبات بەردەوامن و ڕوونیشی كردەوە كە بەرەی پێشمەرگە و شۆڕشگێڕان بە سەربەرزییەوە بەرەو سەركەوتن دەچن و ناپاكانیش شەرمەزار و شكستخواردوو دەبن.