ھەڵسووڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان: داوای دادگای كردنی خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر دەكات

دوای ئەوەی سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی بەهاوكاری گرووپی خیانەتكارانی یەكێتی كەركووك وچەند ناوچەیەكی كوردستانیان داگیركرد, رووداوەكە كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا, ھەڵسووڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان دەلێت، ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەردا لە كەركووك ڕووی داوە، شەرمەزاییە، بۆیە ”دەبێت دادگا بێتە سەرخەت و ئەوانەی دەستیان لەو ڕووداوە ھەیە، ڕاپێچی دادگا بكرێن“.
نەسرین جەمال، ھەڵسووڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان و بڕیاردەری پێشووی فراكسۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند: “لەسەر ڕێككەوتنمان لەگەڵ یەكێتی گلەیی و گازندەیەكی زۆر ھەیە و ئێستا گازندەكان گۆڕانی تێپەڕاندووە و لەناو جەماوەری كوردستانیش پەیدا بووە، بەداخەوە ئەو ڕێككەوتنەی لە نێوان مام جەلال و نەوشیروان مستەفا واژۆ كرا، تا ئێستا یەك خاڵ لە خاڵەكانی جێبەجێ نەكراون، لە كاتێكدا رێككەوتنێك بكرێت 25 خاڵ بێت، كەچی نەتوانرێت یەك خاڵ جێبەجێ بكەیت، ئەمە ناگەڕێتەوە بۆ كەموكوڕیی بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵكوو دەگەڕێتەوە بۆ كەموكورتیی كێشەكانی ناو یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كە بەڕاستی وەزعی یەكێتی تێك چووە بەسەر یەكدا و دوو سێ باڵن و ھەر باڵێك و لە ئاوازێك دەخوێنێت، ئەمە وای كردووە كە گلەیی بێتە سەر گۆڕان و یەكێتی پەرتەوازە بووە، پەرتەوازە بوون و نازانیت چۆن مامەڵەیان لەگەل بكەیت”.

ئەو ھەڵسووڕاوەی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەی ئاشكرا كرد كە پێیان خۆشە سەرجەم ماددەكانی ئەو ڕێككەوتنەیان جێبەجێ بكرێن كە لەگەڵ یەكێتی كردوویانە و جێبەحجێنەكردنی لە ئەستۆی ”یەكێتییە“.

نەسرین جەمال، ئەوەشی خستە ڕوو: “ئەو ڕێككەوتنە ئێستا چووەتە قۆناغی متبوون و نیمچە ھەڵوەشاوەیە و بزووتنەوەی گۆڕان تاسەر چاوەڕوانی یەكێتی ناكات و مەنتقی تێدا نییە كە ئەو نەیەتە پێشەوە، بۆیە گۆڕان چاوەڕوان ناكات”.

شایەنی باسە, ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی یەكێتی، پەلاماری خورماتوو، كەركووك و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی كوردیان شەهید و بریندار كرد و نزیكەی 200 هەزار كەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

Back to top button