سه‌رۆك بارزانی: رووداوه‌كانی پاش ریفراندۆم سه‌ڵماندی كه‌ له‌عێراق هیچ جێگایه‌كی كورد نیه‌

سه‌رۆك بارزانی له‌ میانی پێشوازی كردن له‌ سەرۆك و سكرتێر و نوێنەری پارتە كریستیانەكانی كوردستان، رایگه‌یاند” رووداوه‌كانی پاش ریفراندۆم سه‌ڵماندی كه‌ داوا ره‌واكانی گه‌لی كوردستان چه‌ند ره‌وا بوو”.

سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی نیشتیمانیی پارتە كریستیانەكانی هەرێمی كوردستانی كرد لە پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ریفراندۆم و باسی ئەو هۆكارانەی كرد كە هانی گەلی كوردستانی دا بڕیار لە ڕیفراندۆم بدەن و رووداوەكانی دوای ریفراندۆمیش سەلماندی كە بڕیارەكەی گەلی كوردستان چەندە دروست و ڕەوا بووە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا پڕۆسەی سیاسیی كوردستان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە پێش هەڵبژاردنەكانی عێراق كرایەوە وەك چارەسەرێكی گونجاو بۆ پڕۆسەی سیاسیی هەرێم.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا تەئكید لەسەر ماف و بەشداریی سەرجەم پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان لە پڕۆسەی سیاسی و گەرەنتی مافەكانیان لە دەستووری ئاییندەی هەرێمی كوردستان كرایەوە كە بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە بەڵگەنامەیەكدا پەسەند كرابوو.

بارودۆخی ناوچەكانی ده‌شتى نەینەوا و تەحەدی و هەڕەشەكانی بەردەم پێكەوەژیان و داهاتووی ئەو ناوچانە تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو.

Back to top button