گۆڕان داوای پۆستی پارێزگار دەكات, یەكێتی دەسەڵاتەكانی پارێزگار رادەستی گۆڕان ناكات

بزووتنەوەی گۆڕان دوای دەركردنی مەرسومی دەست بەكار بوونی هەڤاڵ ئەبوبەكر وەك پارێزگاری كەركووك لە لایەن سەرۆكی حكومە, ئێستادا لە هەوڵی وەرگرتنی پۆستی پارێزگارە, بەڵام ھیچ پێشبینییەك ناكرێت یەكێتی لە سلێمانی ئەو پۆستە یان دەسەڵاتەكانی پارێزگار بەتەواوی، رادەست بە بزووتنەوەی گۆڕان بكات. ئەندامێكی جڤاتی گۆڕانیش ئاماژە بەوە دەدات، ئێستا بەپێی رێككەوتن ئەو پۆستە حەقەبەشی گۆڕانە و ھیچ لەمپەرێكی لەبەردەم ھەڤاڵ ئەبوبەكردا نەماوە كە ببێتە پارێزگاری سلێمانی.

ھەڤاڵ ئەبوبەكر، وەكوو كاندیدی گۆڕان بۆ پارێزگاری سلێمانی، كە لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ساڵی ٢٠١٤ كە لە ھەرێمی كوردستان ئەنجام درا، زۆرینەی دەنگەكانی ئەو پارێزگایەی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بەدەست ھێنا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەو كاتدا كە نەوشیروان مستەفاش، وەكوو ڕێكخەری گشتیی گۆڕان لە ژیاندا بوو، گۆڕان لە پێدانی ئەو پۆستە بە یەكێتی سازشی كرد و ھەڤاڵ ئەبوبەكر نەگەیشت بە كورسییەكەی پارێزگاری سلێمانی.

ئێستاش كە زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر ئەو ھەڵبژاردنەدا تێپەڕیوە، ھەڤاڵ ئەبوبەكر لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە وەكوو پارێزگاری سلێمانی واژۆ لەسەر مەرسوومی دەستبەكاربوونی كراوە، ئەو ماوەیەشی لەبەردەم ھەڤاڵ ئەبوبەكردایە لەو پۆستەدا، بەپێی یاسای ھەڵبژاردنی پارێزگاكان، چوار ساڵە و ئێستا تەنیا ساڵێكی ماوە..

بە پێی زانیاریەكانی ( خواكوڕك) یەكێتی لە ئێستادا دەخوازێت پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەك ئێستا بمێنێتەوە, بۆ ئەم مەبەستە لە دانیشتنی رابردوو وەك سەركردایەتی هاوبەش قسەیان لە بارەوە كردووە, وا بڕیارە لە كۆبوونەوەی داهاتوو یەكێتی بە فەرمی بە گۆڕان رابگەیێنێت كە تا هەلبژاردنی داهاتوو پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەك خۆی بمێنێتەوە

بەپێی ڕێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی، پۆستی پارێزگاری سلێمانی دوو ساڵ بە دوو ساڵ لەنێوان ھەردوولادا دابەش كرا، دوای تەواو بوونی ٢ ساڵی یەكێتی كە لەلایەن ئاسۆ فەرەیدونەوە پۆستەكە بەڕێوە برا، لە تشرینی دووەمی ٢٠١٦ سەردار قادر لەبری پارێزگاری سلێمانی دەست بەكار بوو دوای ٥ مانگ و ١٠ ڕۆژ ئەویش دەستی لە كار كێشایەوە.

ھەروەھا، گۆڕان بەو ھۆیەوە لەو پارێزگایە دەپووكێتەوە و یەكێتی دەتوانێ لەو دۆخەدا بە كاندیدێكی بەھێز پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە ھەڵبژاردنی داھاتوو مسۆگەر بكات، ھەر بەو ھۆیەشەوە باڵێكی گۆڕان ئێستا دركی تەواوی بەو سیاسەتەی یەكێتی لە سلێمانی كردووە و داوای لە جڤاتی گۆڕان و خانەی ڕاپەڕاندن كردووە، سەركردایەتیی ھاوبەشیان لەگەڵ یەكێتی ھەڵوەشێننەوە و زیاتر لەوە لە سلێمانی سازش بۆ یەكێتی نەكەن.

ڕێبوار ئەحمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٦ رێككەوتنێكیان لەگەڵ یەكێتی ھەیە، كە دەسەڵاتی پارێزگار بدرێتە بزووتنەوەی گۆڕان، گوتی: ”بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەردەگرێتەوە، كە كاندیدی گۆڕان بۆ ئەو پۆستە ھەڤاڵ ئەبوبەكرە“.

سەباح فەتاح، ئەندامی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، راستە ڕێككەوتن ھەیە ئەو پۆستە دوو ساڵ بۆ یەكێتی و دوو ساڵ بۆ گۆڕان بێت، یەكێتی دوو ساڵەكەی تەواو كرد كە ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری سلێمانی بوو، بەڵام گۆڕان خۆی ئەو پۆستەی وەرنەگرت، ئێستاش ئەگەر بیەوێ وەری بگرێت ئەوە یەكێتی و گۆڕان سەركردایەتیی ھاوبەشیان ھەیە و دەكرێ لەوێدا لە رووی سیاسییەوە قسەی لەسەر بكەنەوە.

Back to top button