بەغدا فەرمانی دەستگیركردنی عەمید سەرحەد و 12 ئەفسەر و پلەداری كەركووك دەردەكات
دوای ئەوەی حكومەتی عێراق فشاری خستە سەر دادگاكانی عێراق ئێستا چەند بڕیارێكی سیاسیی لە رێگای دادگاكان دەردەكات, لە دواهەمین بڕیاری بەناو دادگای رەسافە بریاری دەستگیركردن بۆ عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركووك و 12 ئەفسەری دیكەی كورد دەكرا كە ئەمەش درێژەی هەوڵەكانی بەغدا و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ سڕینەوەی مۆركی كوردی لە كەركووك و راوەدوونانی بەرپرسانی كوردی شارەكەیە.
بەپێی بەڵگەنامەیەك كە دەستی (خواكوڕك)كەوتووە، ئەو ئەفسەرە كوردانە بە گوێرەی حوكمەكانی بڕگەی یەكی ماددەی چواری تیرۆر داواكراون.
فەرمانی دادگا گشتاندنی بۆ كراوە و بە گوێرەی فەرمانەكە دەبێت لایەنە ئەمنییەكانی كەركووك هەوڵی دەستگیركردنی داواكراوەكان بدەن.
وەك لە بەڵگەنامەكاندا هاتووە، دادگای لێكۆڵینەوەی رەسافە بە نوسراوی ژمارە (21115) لە رۆژی 19ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەری 2017 فەرمانی دەستگیركردنی بۆ 13 ئەفسەری پۆلیسی كەركووك دەركردووە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگاكەی كردووە بەمەبەستی دەستگیركردنیان.
عەمید سەرحەد قادر لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا رۆڵێكی سەرەكی هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپ و میلیشیا تیرۆریستییەكانی سەر بە بەعس و قاعید و داعش لە كەركووك و لەو پێناوەشدا زۆرترین جار بریندار بووە.
ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی یەكێتی، پەلاماری كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان هاووڵاتیی كوردیان شەهید و بریندار كرد و نزیكەی 200 هەزار كەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
بە هۆی داگیركردنی كەركووكەوە، لە ماوەی زیاتر لە 40 رۆژی رابردوودا حەشدی توركمانی و میلیشیا شیعەكان هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ سڕینەوەی مۆركی كوردستانیبوونی كەركووك و بە گوێرەی دواین لێدوانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە 180 هەزار هاووڵاتی كورد لە سنووری ئەو پارێزگایە ئاوارە بوونە.