حزبەكەی مالیكی بۆ ئەمەریكا: هێزەكان لەعێراق بكێشەوە

دوای ئەوەی چەندین جار میلیشاكانی حەشدی شەعبی دژایەتی خۆیان بۆ بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق, ئەمرۆ بە هەمان شێوە حزبی دەعوە لە بەیاننامەیەكدا داوا لە حكومەتی عێراق دەكات سەركۆنەی لێدوانەكانی فەرماندەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بكات كە ئاماژەی بە مانەوەی هێزەكانیان لە عێراق كردبوو.

حزبی دەعوە جەختیشدەكاتەوە كە سووربوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر‌ مانەوە هێزەكانیان لە عێراقدا، تاوەكو دۆخەكە سەقامگیر دەبێت، كارێكی گوماناوییە و ئاماژەیەكە بۆ‌ دروستبوونەوەی نەوەیەكی نوێی تیرۆریستان دوای داعش، هەورەها مانەوەی عێراق لە دۆخێكی گرژی و ئاڵۆزی و ناسەقامگیریدا.

لە بەیاننامەكەی حزبی دەعوەدا هاتووە: مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق جۆرێكە لە داگیركاری هەمیشەیی، هەروەك ئەمریكا دەیەوێت بەشێك لە گروپەكانی حەشدی شەعبی لەناوببات.

ئەو بەیاننامەی حزبی دەعوە دوای ئەوە هاتووە، كە دوێنێ پول فانك فەرماندەی سەربازی ئەمەریكی لەناو هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رایگەیاند، تا دۆخی عێراق سەقامگیر نەبێت، هێزەكانمان لەعێراق ناكشێنینەوە و جەختی كرببوەوە‌، هێزەكانیان چاودێری سنوورەكانی عێراق دەكەن.

Back to top button