كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ئیدانه‌ی تاڵانكردن و سوتاندنی ئۆفیسەكانی دەكات لەلایەن حەشدی شەعبیەوە

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا ئیدانەی هێرشكردنە سەر هەردوو ئۆفیسی كۆمسیۆن لە كەركوك و دوزخورماتوو لەلایە هێزەكانی حەشدی شەعبیەوە و تاڵانكردنیان ده‌كات.”

لە بەیاننامەكەدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست (خواكوڕك) كه‌وتووه‌ و تێیدا هاتووە”ئێمە وەكو كۆمسیۆن ئیدانەی ئەوكارانە دەكەین، كە دژی ئۆفیسەكانی ئێمە كراون لە لایەن حەشدی شەعبیەوە لە كەركووك و دووزخورماتوو لە ڕۆژی ١٦/١٠/٢٠١٧، ھەروەھا كۆمسیۆن داگیركردن و بەتاڵانبردنی كەلوپەلەكانی لەم دوو شارەدا بە نارەوا و دور لە ڕەوشتی مرۆڤایەتی و دامەزراوەیی دەزانێت، چونكە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی، وەك دامەزراوەیەكی یاسایی و شەرعی بە پێی دەستوور و یاسا كارپێكراوەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق دامەزراوە و پێویستە لەسەر ھەموو لایەك ڕێز لە كەسایەتیی مەعنەویی و ڕۆڵی لە پاراستنی ئاشتیدا بگرن.”

 

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی كوردستان ئاماژەی بەوەش كردووە “ھەر لەم سۆنگەوە داوا لە پارتە سیاسییەكان و حكومەتی عێراق و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان دەكەین، ھاوكار و پاڵپشت بن بۆ پاراستنی دامەزراوە یاسایی و شەرعییەكان بەگشتی و كۆمسیۆن بەتایبەتی لەو ناوچانە و حكومەتی عێراق پابەند بكەن بە قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی كۆمسیۆنی كوردستان و ڕێگری بكەن لە دووبارەبوونەوەی ئەوكارە نەخوازراوانە.”

Back to top button