بزانه‌ سه‌رۆك بارزانی چی به‌ فواد مه‌عسووم گوتووه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژی دوزخورماتوو و داگیركردنی كه‌ركووك

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩/١١/٢٠١٧، سەرۆک بارزانی، لە سەلاحەددین، لەگەڵ فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق و شاندێکی یاوەری کۆبوویەوە و لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە خرانە بەرباس و ھەردوولا ھاوڕابوون کە سەرجەم کێشەکان بە ڕێگەی ئاشتییانە و گفتوگۆ چارەسەر بکرێن.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق، باسی ھەوڵەکانی خۆی بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا کرد بەجۆرێک کە دەستوور وەک چەترێک وابێت بۆ پاراستنی بوون و کەرامەتی سەرجەم پێکھاتەکان بە بێ جیاوازی.
لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە گفتوگۆ و دانووستانێکی ھاوسەنگ و بێ مەرج ھەبێت و دوور بێت لە زمانی خۆسەپاندن.
ھەروەھا سەرۆک بارزانی بە سەرۆک کۆماری عێراقی ڕاگەیاند کە پێویستە حکوومەتی عێراق دەست لە زمانی خۆسەپاندن و ئەو کردەوە ناڕەوایانە ھەڵبگرێت کە لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بەرانبەر گەلی کوردستان پیادە دەکرێت بە تایبەت ئەو جینۆسایدەی لە خورماتوو ڕوودەدات، بەپەلە ڕابگیرێت ئەوە بەھیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت و لێی بێدەنگ نابین.

ھەروەھا سەرۆک بارزانی، ئاماژەی بەوەش دا، کە خۆ سەپاندن لەڕێگەی ھێز و سەپاندنی ئەمری واقعەوە سەرناگرێت و ئەم دۆخەش بەردەوام نابێت.

Back to top button