تیریزا مای: هانی بەغدا دەدەین بەپەلە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەست بە گفتوگۆ بكات

دوای ئەوەی حكومەتی عێراق لە رێگای سەربازی و دادگای سەربازی كۆمەلێك بڕیاری سیاسی دژ بە هەرێمی كوردستان دەركرد, ئێستا بە ناوی جێبەجێكردنی دەستور كۆمەلێك رێككاری دژ بە كوردستانی گرتوونەتە بەر و ئامادەی گفتوگۆ نیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا, سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، ئەمڕۆ چوارشەممە 29/ 11/ 2017، جەختی كردەوە، كە وڵاتەكەی هانی بەغدا دەدات، لەگەڵ سەركردایەتی كوردستان كێشەكانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بكات.

 

تیریزا مای، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ، ڕای گەیاند: “هانی حكوومەتی عێراق دەدەین، لە گەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا و بەپێی دەستوور، گفتوگۆ لەبارەی كێشەكانی نێوانیان، ئەنجام بدەن”.

 

هەروەها باسی لەوەش كرد، كە خۆشحاڵن بەدەستپێكردنی گفتوگۆكردن لە نێوان هەولێر و بەغدا، داواشی كرد، بەپەلە گفتوگۆكان دەست پێ بكرێت.

 

ئەمڕۆ تیریزا مای، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، بەسەردانێكی ڕانەگەیاندراو گەیشتە بەغدا و لە گەڵ حەیدەر عەبادی، كۆبووەوە.

Back to top button